ناسنامەی ٢٤٠ خۆپیشاندەری کوژراوی کورد پشتڕاست دەکرێتەوە

‌ئەرشیف- کوشتنی خۆپیشاندەران لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان ڕاپۆرتێکی لە بارەی پشتڕاستکردنەوەی ناسنامەی ٢٤٠ خۆپیشاندەری کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بڵاوکردەوە کە ٢٠ خۆپیشاندەریان تەمەنیان لە خوار ١٨ ساڵەوەیە.

شەممە، ١٤ شوبات ٢٠٢٦، تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان بڵاویکردەوە لە دەستپێکی خۆپیشاندانەکانی  ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، تا ئێستا ٢٤٠ خۆپیشاندەری کورد بەدەستی ڕژێمی ئێران لە شارەکانی کرماشان، ئیلام، سنە، تاران، ئەلبورز، لوڕستان، خوراسانی ڕەزەوی، کەرەج، مەشهەد، گیلان، قەزوین، ئیسفەهان، هورموزگان، مازەندەران و خووزستان تۆمار کراوە.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لە ڕاپۆرتەکەدا باسی لەوە کردوە، دامودەزگا ئەمنییەکان بۆ ڕادەستکردنەوەی تەرمەکان پارەیەکی زۆریان لە بنەماڵەکان وەرگرتووە، بنەماڵەکان ناچار کراون لە وەفاتنامە هۆکاری گیانلەدەستدانیان بە هۆکاری "کەوتن لە بەرزاییەوە"تۆمار بکەن و بەرپرسیارێتی کوشتنیان بخەنە ئەستۆی خۆپیشاندەران.

جگە لەو ژمارەیە بە پێی زانیارییەکانی تۆڕەکە ناسنامە و زانیاری خۆپیشاندەری دیکەی کوردسیان  بە دەستگەیشتووە و لێکۆڵینەوەکان بۆ پشتڕاستکردنەوە دەکەن.

لەگەڵ خۆپیشاندانەکانی ٢٨ کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، جگە لە کوشتن و بریندارکردنی هەزارەها هاوڵاتی، حکومەتی ئێران بەردەوامە لە دەستگیرکردنی هاوڵاتیان بە هۆکار و بیانووی جیاواز و تۆمەت خستنەپاڵ و یەکێک لەو جێگایانەی ڕووبەڕوی زۆرترین پەلاماردن بۆتەوە ئیلام و کرماشانە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. 




PM:02:07:14/02/2026