ئەندازیار و شارەزایەکی ئاو، زانیاریاری سەبارەت بە دۆخی ئێستای بەنداوی دووکان لە سنوری پارێزگای سلێمانی و ڕێژەی زیادبوونی ئاوی گلدراوە دەخاتە ڕوو و دەڵێت "ئەگەر ئاوی بەنداوی دووکان بەم شێوەیە بەردەوام بێت ئەوا مناگی نیسان سەرڕێژ دەکات".
شەممە، ١٤ شوبات ٢٠٢٦، ڕێبوار ئیسماعیل، ئەندازیار و شارەزای ئاو ڕایگەیاند "بەنداوی دوكان ئێستە لە كۆكردنەوەی ئاو لەوپەڕی دۆخی باشی خۆیدایە،بەنداوی دوكان ئێستە بڕی ٢ ملیار و ٨٠٠ ملیۆن و مەتر سێجا ئاوی تێدایە، لەهەر چركەیەكیش بڕی ٧٥٠ مەتر سێجا ئاو زیاد دەكات، ئەگەر كۆكردنەوەی ئاو بەم شێوەیە بەردەوام بێت، كۆتایی مانگی نیسان سەرڕێژ دەكات".
ئەو شارەزایە وتوشیەتی"بەنداوەكە زیاتر لە حەوت ملیار مەترسێجا ئاو كۆ دەكاتەوە، ئێستە قەبارەی ئاوەكەی ١٨ هێندەی ساڵی رابردوو زیادی كردووە".
بە گشتی ٢٥ بەنداو لە هەرێمی كوردستان هەیە، بەنداوە گەورەكانی وەك دوكان، دەربەندیخان، گۆمەسپان و دهۆك لە بەنداوە گەورەکانن کە زۆرترین ڕێژەی ئاو کۆدەکەنەوە و تا ئێستا سەر ڕێژ نەبوون، بەنداوە بچووكەكانی وەك جەلی، دێگەڵە، ئاقوبان، چەمرگە، بەستۆڕە، حەمامۆك و شیوەسوور لە سنووری هەولێر، هەروەها بەنداوەكانی وەك دێوانە، باوەشاسوار، ئاوەسپی، چەمی سمۆر، حەسەن كەنووش و قادر كەرەم لە سنووری سلێمانی و بەنداوەكانی خنس، بێدۆهی و كەشكان لە سنووری دهۆك بە تەواوی سەرڕێژیان كردووە.