ئایا نرخی خۆراک لە هەرێمی کوردستان بەرز دەبێتەوە؟

‌ئەرشیف، ناوبازاڕی سلێمانی

سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر لە چاوپێکەوتنێکی کەناڵی رووداو لە بارەی زیادبوونی باجی گومرگی و کاریگەرییەکانی لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی پێداویستیەکان لە هەرێمی کوردستان هۆشداری دا و دەڵێت "ئەگەر دۆخەکە بەردەوام بێت، نرخی کاڵاکان گران دەبێت".

شەممە، ١٤ شوبات ٢٠٢٦، گەیلان حاجی سەعید، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر ڕایگەیاند "ئەو کاڵایانەی نرخی هەڵسەنگێندراویان زۆرە، وەک ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان، کاریگەریی گرانبوونەکە زیاتر دەیانگرێتەوە، بەڵام بۆ دەرمان و خۆراک رێژەی گومرگەکە کەمترە".

" گرانبوونی گومرگ بە شێوەیەکی کتوپڕ بوو، بەتایبەت بۆ ئەو بازرگانانەی کاڵاکانیان لە رێگای وڵاتانی دوورەوە بەرەو عێراق بەڕێکرابوو، کاتێک کاڵاکان گەیشتنە بەندەری ئومقەسر، بازرگانان تووشی سەرسوڕمان بوون، چونکە گومرگەکە بە شێوەیەکی زۆر بەرچاو زیادی کردووە"، سەرۆکی ژووری بازرگانی هەولێر وا دەڵێت. 

سەبارەت بە زیاتر بەرزبونەوەی نرخەکان لە مانگی ڕەمەزاندا گەیلان سەعید وتویەتی "خۆراک و پێداویستییەکانی هەرێمی کوردستان زیاتر لە تورکیا و وڵاتانی دیکەوە دێن، نەک لە بەسڕەوە، بۆیە ئومێد دەکەین کاریگەریی گەورە لەسەر نرخی خۆراک دروست نەبێت."
 
حکومەتی عێراق لە سەرەتای ئەم ساڵەوە گومرگی بە رێژەی ٥٪  بۆ ٣٠٪ زیادکردووە، بەوهۆیەوە زیاتر لە ٧٠ هەزار کۆنتێنەر لە بەندەرەکانی عێراق ماونەتەوە. 

بڕیاری زیادکردنی پێناسی گومرگی لە چوارچێوەی سیستمی ئەسیکۆدایە، کە عێراق لە ٢٠٢٣وە جێبەجێی دەکات، بەڵام هێشتا لە هەرێمی کوردستان جێبەجێنەکراوە و هەولێر و بەغدا لەسەری رێک نەکەوتوون.
 




PM:03:04:14/02/2026