سلێمانی.. بەرامبەر "زیادبوونی نرخی کارەبا" ناڕەزایەتی دەردەبڕدرێت

‌کۆنفرانسی ڕۆژنامەوانی کۆنگرەی ئازادیی و گۆڕانکاری

کۆنگرەی ئازادی و گۆڕانکاری  سەبارەت بە "زیادبوونی نرخی کارەبا" کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیان ئەنجامدا و دەڵێن "دەسەڵات بە تەواوەتی بێباکە لەوەی  دەیان و سەدان خێزان لەم زستانە سارد و سەرمایەدا سزای بڕینی کارەبایان بدات".

شەممە، ١٤ شوبات ٢٠٢٦، شنە عەلی، ئەندامی کۆنگرەی ئازادیی و گۆڕانکاری ڕایگەیاند "بەوە ناوەستن وەسڵی ملیۆنیمان بۆ دەبڕن، کارمەندانی حەقبێژیش سزا دەدەن،  ، لەبارودۆخێکداین کە خەڵکی کوردستان  هەر ڕۆژە و ئەم دەسەڵاتە دەرگایەکی بە ڕوودا دادەخات، هەر ڕۆژەو بەجۆرێک  دەسەڵاتی ستەمکارانەی خۆی دادەسەپێنێت، لە ڕۆژگارێکداین کە ئەم دەسەڵاتە تەواوی خزمەتگوزارییەکانی سپاردووە بەکەرتی تایبەت، لە ڕۆژگارێکداین کە بەسێ مانگ جارێ مووچەیەکمان پێڕەوا دەبینن، لەم ڕۆژگارە ڕەشانەدا دەبینین کە چۆن، بڕێ شۆکهێنەری کارەبایان کردوەتە ئەو چەکەی بە تەواوی مانای ژیانمانی پێ تاڵ بکەن". 

" دەیانەوێ کارمەندێکی بەڕێوەبەرایەتی کارەبای ڕاپەڕین بە تاوانی هەقبێژیی دادگای بکەن و سزای بدەن، خەڵکی ستەم لێکراوی کوردستان دەبێت بەلای هەموانەوە ڕۆشن بێت ئەم کارە قێزەونە تەنها سزادانی هاوڵاتیەک نییە، بەڵکو سزای هەموو ئەو کاسانەیە کە بیروڕای خۆیان دەردەبڕن"، ئەندامەکەی کۆنگرەی ئازادیی و گۆڕانکاری وا دەڵێت. 

لە کۆتایشدا شنە عەلی دەڵێت "نابێت ڕێگا بەم دەستدرێژی و سووکایەتی پێکردنە بدەین، ڕێگە بەم تاڵانگەرییەی دەسەڵات بدەین لەژێر ناوی کارەبای ٢٤ کاتژمێریدا، ئێمە وەک کۆنگرەی ئازادیی و گۆرانکاری بانگەواز لە هەموو ئازادیخوازان و هەڵسوڕاوان دەکەین، کە بە توندی ناڕەزایەتی خۆمان دەربڕین و مل بەم هەموو ستەمکاریی و ناعەدالەتییە نەدەین".




PM:04:12:14/02/2026