مەزڵوم عەبدی: ڕۆڵی سەرۆکی فەرەنسا بەرز دەنرخێنین

‌ساتی یەکتربیینینی سەرۆکی فەرەنسا و فەرماندەی گشتی هەسەدە لە کۆنفرانسی میونشن

فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، مەزڵوم عەبدی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس پەیامێکی سەبارەت بە چاوپێکەوتنی لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەڕەنسا بڵاوکردوەتەوە و دەڵێت "لە پەراوێزی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، شەرەفمەندی چاوپێکەوتنم لەگەڵ جەنابی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی کۆماری فەرەنسا هەبوو".

شەممە، ١٤ شوبات ٢٠٢٦، مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هەسەدە، سەبارەت بە کۆبونەوەکەی لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن ڕایگەیاند "شایەتحاڵی پابەندبوونی ڕاستەوخۆ و کەسیی ئەو بووین بە هەوڵەکانی ئاگربەست و پرۆسەی کەمکردنەوەی توندوتیژی لە سوریا. ئێمە ئەم ڕۆڵە چالاکە زۆر بە نرخ دەزانین و هەڵوێستی پتەوی فەرەنسا لە پشتیوانیکردن لە سەقامگیری و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بەرز دەنرخێنین".

فەرماندەی هەسەدە وتویەتی "ئێمە بەوپەڕی چاوەڕوانییەوە چاوەڕوانی بەردەوامی ڕۆڵی ئەرێنی فەرەنساین لەم قۆناغە سەرەکییەدا، وەک پشتیوانی لە هەوڵەکانمان و گەلەکەمان بۆ پاراستنی ناوچەکە و پاراستنی سەقامگیری لە سەرانسەری خاکی سوریادا".


هەینی، ١٣ شوبات ٢٠٢٦، هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوەدا، لە پەراوێزی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، شاندی باڵای هێزەکانی سوریای دیموکرات بە سەرۆکایەتی مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی هەسەدە و بەشداربوونی ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆک کۆماری فەرەنسا دیدارێکیان ئەنجام دا.

کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن لە ١٣-١٥ی شوباتی ٢٠٢٦ لە شاری میونشنی ئەڵمانیا بەڕێوەدەچێت، یەکێکە لە کۆڕبەندە پێشەنگەکانی جیهان بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پرسەکانی ئاسایشی نێودەوڵەتی و پەرەپێدانی گفتوگۆ لەنێوان سەرکردە باڵاکان و بڕیاردەرەکان لەسەر بابەتەکانی وەک ئاسایشی نێودەوڵەتی، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئاڵنگاری جیۆپۆلەتیکی و سەقامگیری جیهانی.




PM:04:43:14/02/2026