وێنەی سەرۆکی هەرێم نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ شاندێکی کۆنگرێسی ئەمریکا بە سەرپەرشتی لیندسی گراهام
لە پەراوێزی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی، ئەمڕۆ تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە زنجیرەیەک کۆبونەوەی لەگەڵ هەریەک لە وەزیری بەرگری ئەڵمانیا، شاندێکی کۆنگرێسی ئەمریکا، ئەمینداری گشتیی کۆمکاری عەرەبی، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا، وەزیری دەرەوەی سوریا ئەنجامدا.
شەممە، ١٤ شوبات ٢٠٢٦، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن ئەمڕۆ کۆبونەوەی یەکەمی لەگەڵ د. نێڵس شمید، وهزیری دهوڵهت بۆ كاروباری بهرگری لە وەزارەتی بەرگریی فیدراڵیی ئەڵمانیا، سەبارەت بە پەیوەندییەکانی ئەڵمانیا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان و پەرەپێدانی هاریکاریی هاوبهشیان تاوتوێ كرد.
نێچیرڤان بارزانی دووەم کۆبونەوەی لەگەڵ ئەحمەد ئەبولغەیت، ئەمینداری گشتیی کۆمکاری عەرەبی بوو، لە بارەی کۆبونەوەکەوە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند " لە کۆبوونهوهکەدا دوایین پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەکانی عێراق و ناوچەکە و پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی تاوتوێ کران، هەردوولاش جەختیان لە گرنگیی پاراستنی سەقامگیری و دوورخستنەوەی ناوچەکە لە ئاڵۆزییەکان کردەوە".
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆبونەوەی سێیەمدا لەگەڵ ئورسۆلا ڤۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا کۆبووەوە، سەرۆکایەتیی هەریمی کوردستان لە بارەی ئەو کۆبونەوەیەوە دەڵێت "لە کۆبوونهوهکەدا پەیوەندییەکانی یەکێتیی ئەورووپا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان و دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە تاوتوێ کران هەردوولا جەختیان لە گرنگیی بەهێزکردنی هاریکاریی هاوبەش کردەوە، بەتایبەتی لەو بوارانەی خزمەت بە سەقامگیری و گەشەپێدانی ئابووری دهكهن."
کۆبونەوەی چوارەمی نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سوریا بوو، لە ڕاگەیاندراوەکەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستاندا هاتووە "پهیوهندییهكانی سوریا لهگهڵ عێراق و ههرێمی كوردستان، دوایین پێشهاتەکانی دۆخی سوریا و کاریگەرییەکانی لەسەر ئارامی و سەقامگیریی ناوچەکە تاوتوێ کران".
هەروەها لە کۆبونەوەیکی دیکەدا سەرۆکی هەرێم لەگەڵ شاندێکی کۆنگرێسی ئەمریکا کۆبووەوە، نوسینگەی سەرۆکایەتی هەرێم لە بارەی کۆبونەوەکە ڕایگەیاند شاندەکەی کۆنگرێس پشتگیریی خۆیان بۆ عێراق "پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان، چارەسەرکردنی کێشەکانی هەولێر و بەغدا و پاراستنی ئارامی و سهقامگیریی وڵات نیشان دا."