لە کەرکووک خۆپیشاندانە و ئاڵۆزی و شەڕی لێکەوتەوە

ئەمشەو شەممە، ژمارەیەکی زۆر لە کاسبکارانی شاری کەرکووک وەک دەربڕینی تووڕەیی بەرامبەر تێکدانی شوێنی بژێوییان، گردبوونەوەیەکی فراوانیان ئەنجامدا و سایدێکی شەقامی سەرەکی "عەرەفە"یان بەڕووی هاتووچۆی ئۆتۆمبێلەکاندا داخست، ئەمەش دوای ئەوەی هەوڵەکانیان بۆ گەڕانەوە سەر کارەکانیان لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە ڕێگری لێ کرا.

بەپێی زانیارییەکان، کێشەکە کاتێک قووڵتر بووەوە کە کاسبکاران سەرەڕای هەبوونی نووسراوی فەرمی پارێزگار و پشتگیری شارەوانی بۆ دووبارە بونیادنانەوەی کەپرەکان.

 لەلایەن کۆمپانیای نەوتی باکوورەوە ڕێگرییان لێ کرا و کەپرە نوێیەکانیان تێکدرایەوە، بەو پێیەی کۆمپانیاکە بانگەشەی ئەوە دەکات ئەو زەوییانە موڵکی ئەوانە و ڕێگە بە هیچ جۆرە زێدەڕۆییەک نادەن.

 لە کاتی گردبوونەوەکەدا گرژی و ئاڵۆزی لەنێوان خۆپێشاندەران و لایەنە بەرپرسەکان دروستبوو، بە جۆرێک پۆلیسی چالاکییە مەدەنییەکان دەستێوەردانی کرد و هەوڵیدا بە زۆر بڵاوە بە کاسبکارە ناڕازییەکان بکات، ئەمەش دوای ئەوەی کاسبکاران سووربوون لەسەر مانەوە لەسەر شەقام تا ئەو کاتەی مافی کارکردنیان بۆ دەگەڕێتەوە.

 ئەم کاسبکارانە کە ماوەی هەشت ساڵە لە قەراغی شەقامی عەرەفە خەریکی میوەفرۆشی و دابینکردنی بژێوی ژیانیانن، نزیکەی دوو مانگە بە بیانووی زێدەڕۆیی زیاتر لە ٥٠ کەپریان تێکدراوە، سەرەڕای بەڵێنە بەردەوامەکانی بەرپرسانی شارەکە بۆ دابینکردنی شوێنی جێگرەوە، تا ئێستا هیچ هەنگاوێکی کردەیی نەنراوە و ئەو خێزانانە بەبێ سەرچاوەی داهات ماونەتەوە.






PM:09:35:14/02/2026