سیناتۆر لیندزی گراهام لە نوێترین هەڵوێستیدا سەبارەت بە دۆخی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، جەختی لە پاراستنی هاوپەیمانە کوردەکان کردەوە و ڕایگەیاند'' پڕۆژە یاسایەکی تایبەتی لەبەردەستدایە بۆ سزادانی هەر وڵاتێک کە پشتگیری لە جووڵەی هێزە چەکدارەکان بکات بە مەبەستی هێرشکردنە سەر ناوچە کوردییەکان.''
ئەو ئاماژەی بەوە کرد کە ئەمریکا ڕێگری لە هێرشی هێزە نەیارەکان بۆ سەر ڕۆژئاوا کردووە و ڕێگە نادات هیچ لایەنێک بە زەبری هێز خۆی بەسەر ناوچەکەدا بسەپێنێت.
لە درێژەی قسەکانیدا، گراهام دووپاتی کردەوە کە خیانەت لە کورد ناکەن و پابەندی پاراستنی ئەو ناوچانەن کە لەژێر کۆنتڕۆڵی هێزە کوردییەکاندایە.
هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی هەموو ئەو دەوڵەتانە کرد کە پلانی هێرشکردنە سەر کوردانیان هەیە و ڕایگەیاند، هەر وڵاتێک پەنا بۆ بژاردەی سەربازی ببات لە دژی کورد، ڕووبەڕووی سزای قورسی نێودەوڵەتی و فشارە ڕاستەوخۆکانی واشنتۆن دەبێتەوە، چونکە ڕێگە نادەن سوریایەکی نوێ لەسەر بنەمای هێز و سەرکوتکردن بونیاد بنرێتەوە.
سەبارەت بە پێگەی سیاسی و سەربازی کورد لە داهاتووی سوریادا، ئەم سیناتۆرە ناسراوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد، پێویستە هاوپەیمانە کوردەکانیان لە ڕیزەکانی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، پێگە و ڕۆڵی شایستەی خۆیان لە ناو هاوکێشە سیاسییەکانی سوریادا هەبێت، ئەمەش وەک دانپێدانانێک بەو قوربانییانەی کە کورد لە پێناو سەقامگیری ناوچەکەدا داویەتی و وەک بەشێکی سەرەکی لە هەر چارەسەرێکی سیاسی کە لە داهاتوودا بۆ قەیرانی سوریا بدۆزرێتەوە.
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، لیندزی گراهام ستایشی ڕۆڵی مێژوویی کوردەکانی کرد لە شەڕی دژی تێرۆر و ڕایگەیاند'' هاوپەیمانە کوردەکانمان هاوکارێکی کاریگەر و سەرەکی بوون لە تێکشکاندنی ڕێکخراوە مەترسیدارە جیهانییەکان و پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە.''