مەزڵوم عەبدی لە میونشن لەگەڵ شاندێکی باڵای کۆنگرێسی ئەمریکا کۆبووەوە

لە پەراوێزی کارەکانی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن ٢٠٢٦، مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، دیدارێکی گرنگی لەگەڵ شاندێکی باڵای ئەنجومەنی پیران و نوێنەرانی ئەمریکا ئەنجامدا. 

شاندەکە بە سەرۆکایەتی سیناتۆر لیندزی گراهام بوو و هەریەک لە سیناتۆران (شێڵدن وایتهاوس، جاکی ڕۆزن، پیتەر وێڵچ و ئەندی کیم) تێیدا بەشدار بوون.

مەزڵوم عەبدی لە کۆبوونەوەکەدا ستایشی ڕۆڵی کاریگەری ئەم شاندەی کرد و ڕایگەیاند” ئەم ئەندامانەی کۆنگرێس لە ماوەی ڕابردوودا لە ڕیزی پێشەوەی داکۆکیکاران بوون لە مافەکانی گەلی کورد و هێزەکانیان. ئاماژەی بەوەش کرد کە پەیوەندییەکی بەردەوام و ڕاستەوخۆیان هەبووە بۆ گەیاندنی دەنگی گەلەکەیان و ئاگاداربوون لە گۆڕانکارییەکانی سەر زەوی.”

لە بەشێکی تری دیدارەکەدا، فەرماندەی گشتی هەسەدە تیشکی خستە سەر پشتگیرییە یاساییەکانی ئەمریکا، بەتایبەتی پڕۆژەیاسای "Save The Kurds Act". عەبدی ئەم هەنگاوەی بە دەستکەوتێکی گرنگ و بە نرخ وەسف کرد کە دەبێتە هۆی پاراستنی زیاتری ناوچەکە و سەقامگیری سیاسی و سەربازی لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا.

لە کۆتاییدا، مەزڵوم عەبدی سوپاسی بێپایانی خۆی ئاراستەی شاندەکە کرد بۆ ئەو هاوکارییانەی لەم قۆناغە هەستیارەدا پێشکەش بە سووریا و گەلەکەی دەکەن. جەختی لەوە کردەوە کە ئەم شاندە هاوبەشێکی سەرەکی و بنەڕەتین لە پڕۆسەی چەسپاندنی دادپەروەری، ئازادی و دابینکردنی سەقامگیری درێژخایەن بۆ ناوچەکە.




PM:10:42:14/02/2026