بە وتەی ئەندامێکی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان (ئاراستەی کوردسات) سبەی لە شاری کەرکوک کۆنفرانسی گشتی گۆڕان بەڕێوەدەچێت.
رۆژی یەکشەممە رێبەند ئەحمەد، ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان (ئاراستەی کوردسات) لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند" ئامادەکارییەکانیان تەواوکراون و سبەی کۆنفرانسی گشتی بە ئامادەبوونی کۆمیسیۆن لە شاری کەرکووک بەڕێوەدەبەن، سبەی کاتژمێر ٨ی بەیانی تاوەکو ١٢ی نیوەڕۆ کۆمیسیۆن دەرگای چوونە ژوورەوەی کۆنفرانس دەکاتەوە و هەموو ئەوانەی مافیان هەیە دەبێ لەو ماوەیەدا بچنە هۆڵی کۆنگرە."
رێبەند ئەحمەد ئاماژەی بەوە کرد، ٢١٠٠ ئەندامی بزووتنەوەی گۆڕان کە ساڵی ٢٠١٧ بۆ نوێکردنەوەی مۆڵەتی بزووتنەوەکە ناویان لە بەغدا تۆمار کراوە مافی بەشداربوونیان هەیە و دەتوانن سبەی لە شاری کەرکووک بەشداری کۆنفرانسەکە بکەن.
ئاراستەکەی دیکەی بزووتنەوەی گۆڕان کە ئەوانیش خۆیان بە خاوەنی حیزبەکە دەزانن بە ئاراستەی گردی زەرگەتە ناسراون، تاوەکو ئەمڕۆ بە فەرمی بەشداربوون یان نەبوونیان لە کۆنفرانسی سبەی رانەگەیاندووە.
کێشەی نێوان دوو ئاراستەی بزووتنەوەی گۆڕان زیاتر لە ساڵێکە بەردەوامە و تاوەکو ئەمڕۆ هیچ کام لەو دوو ئاراستەیە کە هەردوولایان خۆیان بە خاوەنی بزووتنەوەکە دەزانن، نەیانتوانیوە بە فەرمی خاوەنداریی ئەو حیزبە بەدەستبێنن.