شاندێکی هەرێم بۆ تاوتوێکردنی چەند بابەتی گرنگ سەردانی بەغدا دەکات

شاندێکی هەرێمی کوردستان بۆ گفتوگۆکردن لەسەر چەند بابەتی گرنگ لەوانە پشکی هەرێم لە بودجە و کێشە داراییەکان و خاڵە سنورییەکان و گومرگییەکان، سەردانی بەغدا دەکات.

رۆژی یەکشەممە ١٥ی شوبات ، رێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە میدیای پارتی راگەیاند" بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا شاندێکی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا بکات".

لەبارەی ئامانجی سەردانی شاندەکە رێباز حەملان دەڵێت" یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی ئەم سەردانە، تاوتوێکردنی ئەو رێنمایی و رێکارە نوێیانەیە کە لە خاڵە سنوورییەکان و گومرگەکانی عێراقدا جێبەجێ دەکرێن، بە تایبەت پرسی "سیستەمی ئەسیکۆدا" (Asycuda) کە کێشەی گەورەی بۆ خاوەنکار و کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان دروست کردووە و بوەتە ئاستەنگ لەبەردەم جووڵەی بازرگانی".

رێباز حەملان ئاماژەی بەوەشکرد، جگە لە پرسی گومرگ، شاندەکەی هەرێم لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی دارایی عێراق و لایەنە پەیوەندیدارەکان، گفتوگۆ لەسەر پشکی هەرێم لە بودجە و پرسی رادەستکردنی داهاتی ناوخۆ دەکەن، ئامانج لەم گفتوگۆیانە گەیشتنە بە لێکتێگەیشتنێکی نوێ بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشە داراییانەی کە لە نێوان هەولێر و بەغدا ماونەتەوە.



AM:11:38:15/02/2026