بەرپرسی پێشووی مەڵبەندی هەولێری یەکێتی دەگۆڕدرێت

بە بڕیاری بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، گۆڕانكاری لە پۆستی لێپرسراوی مەڵبەندی هەولێر كرا.

رۆژی یەکشەممە لە نووسراێکدا بە بڕیاری بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی ڕێباز بێركۆتی، ئەندامی سەركردایەتی ئەو حزبە، وەك لێپرسراوی نوێی مەڵبەندی ٣ی هەولێر دەستنیشانكرا.

لە نوسراوەکەدا هاتووە"پاڵپشت بەم دەسەڵاتەی پێماندراوە لە بڕگەی دوانزەهەم لە ماددەی ٣٠ی پەیرەوی ناوخۆی پەسندکراوی کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی بڕیارماندا. ئەم بڕیارە لە چوارچێوەی هەوڵەكانی سەرۆكایەتی یەكێتی دێت بۆ ڕێكخستنەوەی ئۆرگانەكان و چالاكتركردنی كاروباری حزب لە پایتەختی هەرێمی كوردستان".

ڕێباز بێركۆتی كە پێشتر سەرۆكی فراكسیۆنی سەوز بووە لە ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر، لە شوێنی دكتۆر مەجید محەمەد ئەمین دەستبەكار دەبێت. 

بە پێی بەدواداچوونەکانی سپی میدیا، دكتۆر مەجید محەمەد ئەمین چەند جارێک خۆی داوای بەخشینی لە پۆستەکەی کردوە، لەسەر ئەو داواکاریەش گۆڕانکاریەکە ئەنجامدراوە، بەڵام لە بڵاوکردنەوەی بڕیارەکەی بافڵ تاڵەبانیدا هیچ ئاماژەیەکی پێ نەکراوە. 





PM:12:22:15/02/2026