وەزیری دەرەوەی عێراق ئاشکرای دەکات کە تا ئێستا یەکێتی و پارتی لەسەر پۆستی سەرۆک کۆماری رێکنەکەوتون و دەڵێت" لە کۆبونەوەی پێشوو باسی پۆستی سەرۆک کۆمار هەر نەکراوە".
فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق کە هاوکات بەربژێری پۆستی سەرۆک کۆماریی پارتی دیموکراتی کوردستانە، لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ میدیای حزبەکەی باسی لە کۆبوونەوەی رۆژی ١١ی ئەم مانگەی نێوان مەسعود بارزانی و بافڵ تاڵەبانی کرد و وتی '' لەو دانیشتنەدا باسی پۆستی سەرۆک کۆمار نەکراوە و تاوەکو ئێستاش لەسەر یەک بەربژێری هاوبەش رێکنەکەوتووین.''
فوئاد حوسێن دەشڵیت" باشتر وایە کۆببنەوە، ئەگەر بگەینە رێککەوتن باشترە. ئەگەر نەگەینە رێککەوتن واتای ئەوەیە لە بەغدا بە رکابەری دەچینە نێو هۆڵی پەرلەمان و ئەوە بۆ دۆزی کورد باش نییە. ئێمە هەرچەندە یەکگرتوو بین، ئەوەندە هێزمان لە بەغدا زیاتر دەبێت.''
١٩بەربژێر کێبڕکێ دەکەن بۆ بوونە سەرۆککۆمار. دیارترینیان فوئاد حوسێن، بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستان و نزار ئامێدی، بەربژێری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانن.