پۆلیسی دارستانی سلێمانی: کەسێک بە تۆمەتی بڕینەوەی ٧٠ دار دەستگیر دەکرێت

‌وێنەی دارە بڕدراوەکان لە لایەن بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی داراستان و ژینگەی سلێمانی بڵاوکراوەتەوە

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی ڕاگەیاندراوێکی سەبارەت بە دەستگیرکردنی هاوڵاتییەک بڵاوکردوەتەوە کە تۆمەتبارە بە بە بڕینەوەی ٧٠ بنە دار.

یەک شەممە، ١٥ شوبات ٢٠٢٦، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی ڕایگەیاند "دوای ئەوەی ئاگادارکراینەوە لەڕووداوێکی داربڕین لەسنوری گوندی قەمچوغەی کۆنی سەربە قەزای دوکان دەست بەجێ مەفرەزەیەک لەکارمەندانی بەشی پۆلیسی دارستان و ژینگەی دوکان بەفەرمانی بەڕێوەبەری بەش دەرچوون بۆ شوێنی ڕووداوەکە".

بەڕێوبەرایتیەکە وتویەتی "لەئەنجامدا توانیان دەست بەسەر ٧٠ بنە دار لەجۆری بەڕووی پارچە پارچە کراودا بگرن کەتەمەنیان لەنێوان نزیکەی ١٠ بۆ ٢٠ ساڵ دەبێت".

بە پێی ڕاگەیاندراوی بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی داراستان و ژینگەی سلێمانی دەڵێت "دوای بەدواداچوون توانیان تۆمەتباری سەرەکی بدۆزنەوە و دەستگیری بکەن بەفەرمانی بەڕێز دادوەر بڕیاری دەست بەسەرداگرتنی دارە بڕاوەکان دەرچوو، دۆسیەی لێکۆڵینەوە لەوبارەیەوە کرایەوە بەمەبەستی ڕێکاری یاسای".

بۆ ئەو کەسانەی تۆمەتبارن بە بڕێنەوەی داری تەڕ، دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی هەرێمی کوردستان سزای پێبژاردن بە بڕی ٥٠٠ هەزار و سزای بەندکردنیش بۆ ماوەی ٣ مانگ هەیە و ئەم سزایانەش بەپێی ماددەی ٢٢ لە یاسای دارستانەکان لە هەرێمی کوردستان دیاری و جێبەجێ دەکرێت. 




PM:02:05:15/02/2026