نێچیرڤان بارزانی: هەموو کارێک دەکەین بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق

‌کۆنفرانسی ڕۆژنامەوانیەکەی نێچیرڤان بارزانی

سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی، لە ڕۆژی کۆتایی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی سەبارەت بە دۆخی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوەڕۆکی کۆبونەوەکانیان لە ئەڵمانیا ئەنجامدا.

یەک شەممە، ١٥ شوبات ٢٠٢٦، نێچیرڤان بارزانی ڕایگەیاند "هەموو وڵاتەکان دەیانەوێت هەرێمی کوردستانێکی بەهێز لە چوارچێوەی عێراقی فیدراڵ هەبێت، وە ئێمە ئەوەی پێمان بکرێت بۆ پێکهێنانی حکومەتی عێراق دەیکەین، ئێمە فاکتەری سەرەکی سەقامگیری لە ناوچەکە دەبین".

لە بارەی کۆبونەوەی چوار شەممەی پێشوو لە نێوان سەرۆکی پارتی و یەکێتیدا نێچیرڤان بارزانی وتی "کۆبوونەوەی سەرۆک بارزانی و کاک بافڵ زۆر ئەرێنی بوو، دەستپێکێکی زۆر باش بووە".

سەبارەت بە "پرۆسەی ئاشتی" لە باکوری کوردستان، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند "پرسەکە زۆر جیدییە، راستە پرۆسەکە هەندێک چەقبەستووە بەڵام ئەرێنییە، دەبێت پەکەکە بە دەم داواکارییەکانی عەبدوڵڵا ئۆجەلانەوە بچێت".

هەروەها بۆ دۆخی ڕۆژئاوای کوردستان سەرۆکی هەرێمی کوردستان  وتی "رێککەوتنی دیمەشق و هەسەدە، بەپێی دۆخی ناوچەکە گونجاوە، گرنگە ئەوەیە ئێستا رێککەوتنەکە جێبەجێبکرێت و شێوازی جێبەجێکردنەکەیشی بۆ خۆیان جێدەهێڵین". 
 
ئەمڕۆ ڕۆژی سێیەم و کۆتایی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشنە و بەرپرسانی کورد لە باشور و ڕۆژئاوای کوردستان چەندین دیداریان لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپا و عەرەبی ئەنجامداوە. 




PM:04:20:15/02/2026