وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە بارەی ستراتیژی نوێی ئەمریکا لە سوریا و ڕۆژئاوای کوردستان قسەی کردوە وتویتی کۆبوونەوەکەم لەگەڵ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات و ئەسعەد شەیبانی لە پەراوێزی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، مێژوویی بوو.
یەک شەممە، ١٥ شوبات ٢٠٢٦، مارکۆ ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند "بۆ دۆخی سوریا واشنتن لەبەردەم دوو بژاردەی چارەنوسسازدا بووە و دواجار بڕیارمانداوە پشتیوانی لە سەقامگیری بکەین".
بە پێی قسەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، بژاردەی یەکەم بریتی بوو لە ڕێگەدان بەوەی سوریا دابەش ببێت بۆ ١٨ پارچەی جیاواز، کە ئەمەش دەبووە هۆی دروستبوونی شەڕی ناوخۆی درێژخایەن، ناسەقامگیری، شەپۆلی کۆچبەران و گۆڕینی وڵاتەکە بۆ گۆڕەپانی تیرۆریستان و داعش، هەروەها ڕێگەخۆشکەر دەبوو بۆ ئەوەی ئێران جارێکی دیکە دەستوەردان بکات.
لە بارەی بژاردەی دووەمەوە مارکۆ ڕۆبیۆ وتویەتی، بژاردەی دووەم بریتی بوو لە هەوڵدان بۆ کارکردن لەگەڵ دەسەڵاتی کاتی و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سوریا و تیمەکەی، کە ئێمە بژاردەی دووەممان هەڵبژارد، چونکە بڕیارێکی ژیرانە و مەنتقی بوو.
سەبارەت بە ئاڵنگارییەکانی قۆناغی داهاتووش، وەزیرەکەی ئەمریکا دانی بەوەدا نا کە دۆخەکە ئاسان نابێت و و دەڵێت "ئایا ئەمە ئاسان دەبێت؟ نەخێر. ئایا سەخت دەبێت؟ بەدڵنیاییەوە، ڕۆژی خۆش و ناخۆش و هەڵبەز و دابەزی دەبێت، بەڵام بژاردە ڕاستەکە بوو".
مارۆکۆ رۆبیۆ ئاشکرای دەکات کە کاتێک گرژییەکان لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا سەریان هەڵدا، ترەمپ نەک جارێک، بەڵکوو دوو جار ڕاستەوخۆ قسەی لەگەڵ شەرع کردووە و پێی وتوە "شەڕەکە ڕابگرە بۆ ئەوەی بتوانین زیندانیانی داعش لەو ناوچەیە بگوازینەوە".
هەروەها ئاماژەی بەوەش کردوە کە "بەهۆی ئەو هەوڵانەوە توانراوە هەزاران زیندانی داعش بگوازرێنەوە بۆ عێراق و لە مەترسی دووربخرێنەوە، ئەگەر ئەمە نەکرایە، ڕووبەڕووی هەڵاتنی بەکۆمەڵ دەبووینەوە و ٤ بۆ ٥ هەزار بکوژی داعش بڵاودەبوونەوە و دەبوونە هەڕەشە بۆ داهاتوومان، بەڵام شەرع بەڵێنەکەی بردە سەر".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، مارکۆ ڕۆبیۆ ڕایگەیاند "کە ئاگربەستە کاتیەکە کاتی پێداون و گەیشتووینەتە ڕێککەوتن لە نێوان کوردەکان و دیمەشق بۆ ئەم تێکەڵبوونە. ئێستا دەبێت ڕێککەوتنەکە جێبەجێ بکرێت، کە بێگومان کارێکی ئاسان نابێت".
"جگە لە کورد، پێویستە حکوومەتی سووریا بگاتە ڕێککەوتن لەگەڵ پێکهاتەکانی دیکەی وەک دروز، بەدەوی، عەلەوییەکان و سەرجەم پێکهاتە جیاوازەکانی ئەو وڵاتە" وەزیری دەرەوەی ئەمریکا وا دەڵێت.
لە یەکەم ڕۆژی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، ١٣ شوبات ٢٠٢٦، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەگەڵ هەریەک لە مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هەسەدە و ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی پەیوەندیەکانی دەرەوەی بەڕێوبەری خۆسەر و ئەسعەد شەیبانی، وەزیری درەوەی حکومەتی کاتی سوریا کۆبۆوە.