شاندی ڕۆژئاوای کوردستان لەگەڵ وەزیری دەرەوەی عێراق و ئەڵمانیا کۆبونەوە

‌وێنەی شاندی ڕۆژئاوای کوردستان و وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا

لە ڕۆژی سێیەم و کۆتایی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هەسەدە و ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی پەیوەندیەکانی دەرەوەی خۆبەڕێوبەری لەگەڵ فواد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق و یۆهان ڤادیفۆڵ، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا کۆبونەوە.

یەک شەممە، ١٥ شوبات ٢٠٢٦، وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند "لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لە بارەی دوایین پێشهاتە ئەمنییەکانی گۆڕەپانی سووریا کرا، لەم چوارچێوەیەدا، وەزیری دەرەوە پیرۆزبایی و پشتیوانیی عێراقی دووپات کردووەتەوە بۆ ئەو هەوڵانەی ئامانجیان گەیشتنە بە رێککەوتن لەگەڵ حکومەتی سوریا".

"هەردوولا جەختیان لەسەر پێویستیی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە و رێگریکردن لە هەر گرژییەک کردەوە" وەزارەتی دەرەوەی عێراق وا دەڵێت.

سەبارەت بە کۆبونەوەکی شاندی ڕۆژئاوا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات ڕایگەیاندوە "لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی پێشهاتەکانی دۆخی سووریا، رێگەکانی پاڵپشتیکردنی سەقامگیری و بەهێزکردنی هەوڵە هاوبەشەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر کراوە".

لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە "مەزڵووم عەبدی سوپاسی ئەڵمانیای کرد بۆ رەخساندنی دەرفەتی بەشداریکردن لە کۆنفرانسەکە و پشتیوانیی بەردەوامی ئەڵمانیا لە شەڕی دژی داعش".

ئەمڕۆ ڕۆژی سێیەم و کۆتایی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشنە و بەرپرسانی کورد لە باشور و ڕۆژئاوای کوردستان چەندین دیداریان لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپا و عەرەبی ئەنجامداوە. 




PM:06:27:15/02/2026