وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان، داتا و ئامارەکانی تایبەت بە پڕۆژەی (ڕووناکی) بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند'' سەرەڕای بەرزبوونەوەی بەکارهێنان لە وەرزی زستاندا، زۆربەی هاوبەشان بڕی پارەی پسوولەکانیان لە ئاستێکی دیاریکراودایە.
هاوکات بڕیاری داشکاندنی ٢٠٪ بۆ پارەی کارەبا چووە بواری جێبەجێکردنەوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەت، داتای دوایین پسوولەی هاوبەشانی ماڵان (کە تێکڕا ٤٥ ڕۆژی گرتووەتەوە) بەم شێوەیەیە:
* لە ئاستی کوردستان، ٥٠٪ی ماڵان پسوولەکانیان کەمتر لە ٧٣ هەزار دینارە و ٨٠٪یشیان کەمتر لە ١٦٠ هەزار دینار بۆ گەڕاوەتەوە.
* سلێمانی و هەڵەبجە، کەمترین تێچوویان هەبووە؛ لە هەڵەبجە ٨٠٪ی ماڵان پسوولەکانیان لە ژێر ٨١ هەزار دینارە.
* هەولێر و دهۆک، تێکڕای بەکارهێنان کەمێک بەرزتر بووە؛ لە دهۆک ٨٠٪ی ماڵان پسوولەکانیان کەمتر لە ٢٢٤ هەزار دینارە.
حکومەتی هەرێم وەک هاوکارییەک بۆ ئەو ماڵانەی بەهۆی سەرمای زستانەوە باری داراییان قورس بووە، بڕیاریدا'' هەر هاوبەشێکی ماڵان تا ڕێککەوتی ١٢ی ئایاری ٢٠٢٦ لە ڕێگەی سەکۆی "ئی-پسوولە" پارەی کارەبا (چ ڕووناکی بێت یان قەرزی کۆن) بدات، ڕێژەی ٢٠٪ی ئەو بڕە پارەیەی بۆ دەکرێتە داشکاندن و لە پسوولەکانی مانگی داهاتووی بۆ دەگێڕدرێتەوە.''
وەزارەتی کارەبا جەخت دەکاتەوە کە نرخی یەکەی کارەبا بە هیچ شێوەیەک نەگۆڕاوە و تەنها ئەنجومەنی وەزیران دەسەڵاتی گۆڕینی نرخەکانی هەیە.
هۆکاری بەرزیی پسوولەکان بۆ دوو خاڵ دەگەڕێتەوە:
* درێژیی خولی پسوولە، ئەمجارە پسوولەکان بۆ ماوەی ٤٥ ڕۆژ ئەژمار کراون نەک ٣٠ ڕۆژ، ئەمەش وایکردووە بڕی کارەبای بەکارهاتوو زیاتر دەربکەوێت.
* سەرمای زستان و کارەبای ٢٤ کاتژمێری، یەکەم وەرزی سەرما بوو کە هاوبەشان کارەبای بەردەوامیان هەبوو، ئەمەش وایکرد زیاتر پشت بە گەرمکەرەوە کارەباییەکان ببەستن.