مەزڵوم عەبدی: کار بۆ یەکخستنەوەی هێزە کوردییەکانی سوریا دەکەین

مەزڵوم عەبدی لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵی دی دەبلیو، ئاماژەی بەوە کرد، ئەمریکا بە گشتی لەگەڵ بەدەستهێنانی مافە نەتەوەییەکانی کورد و جۆرێک لە خۆبەڕێوەبەرییە لە سووریا. 

هەروەها باسی لە بەشداریی لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن و دیداری لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا کرد وەک دەستکەوتێکی دیپلۆماسی.

سەبارەت بە پەیوەندییان لەگەڵ حکومەتی سووریا، ڕایگەیاند” هێزەکانی سوریای دیموکرات هەڵناوەشێنرێنەوە، بەڵکو لە چوارچێوەی "چوار لیوای سەربازی"دا تێکەڵی وەزارەتی بەرگری سووریا دەبن، بە مەرجێک فەرماندەکانی هەسەدە سەرکردایەتییان بکەن و نوێنەریان لە پلەی جێگری وەزیری بەرگری هەبێت.

فەرماندەی گشتی هەسەدە ئەزموونی هەرێمی کوردستانی عێراقی بە "نموونەیەکی سەرکەوتوو" وەسف کرد و دووپاتی کردەوە کە دەیانەوێت بۆ ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکانیان و داڕشتنی سیستەمی ئیداری، سوود لەو ئەزموونە وەربگرن.

عەبدی دوو ئەرکی سەرەکی بۆ قۆناغی داهاتوو دیاری کرد ئەوانیش، گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی لەگەڵ دیمەشق بۆ زامنکردنی داهاتووی گەلی کورد.

هەروەها، هەوڵدان بۆ یەکخستنی لایەنە کوردییەکان و پێکهێنانی مەرجەعێکی سیاسی گشتگیر بۆ هەموو کوردانی سووریا.




PM:08:52:15/02/2026