جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە سەردانێکی مەیدانیدا بۆ قەزای چەمچەماڵ ڕایگەیاند'' ئەو بڕە پارەیەی لە بودجەی قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتوانی لافاوەکەی ناوچەکە ماوەتەوە، ناگەڕێنرێتەوە بەڵکو بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییە پێویستەکانی قەزاکە تەرخان دەکرێت.''
قوباد تاڵەبانی، ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم هەنگاوە لەپێناو خزمەتکردنی زیاتری خەڵکی ناوچەکە و بەکارهێنانی سەرچاوە داراییەکانە لە بەرژەوەندی گشتی، دواتریش بە وردی و شەفافییەت ئەنجامەکان بۆ ڕای گشتی بڵاودەکرێنەوە.
لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ ئەندامانی کۆمیسیۆنی فریاگوزاری و بۆردی چاودێری، جێگری سەرۆک وەزیران جەختی لەوە کردەوە کە هەرچەندە پڕۆسەی قەرەبووکردنەوەی هاووڵاتیان کۆتایی هاتووە، بەڵام بەهۆی سەرکەوتوویی کارەکانی لیژنەکە، بڕیاردراوە لەژێر ناوێکی دیکەدا بەردەوام بن. ئەم لیژنەیە وەک ڕایەڵەیەکی پەیوەندیی ڕاستەوخۆ لە نێوان خەڵک و دامەزراوە حکومییەکاندا دەمێنێتەوە بۆ ئەوەی بەدواداچوون بۆ کێشە و داواکارییەکانی دانیشتووانی چەمچەماڵ و ناحیەی شۆڕش بکەن.
سەبارەت بە شێوازی خەرجکردنی پارە ماوەکە، قوباد تاڵەبانی ڕوونی کردەوە، پڕۆسەکە لەژێر سەرپەرشتی لیژنەی ناوبراو و بە چاودێری کەسایەتییە متمانەپێکراوەکانی سنوورەکە دەبێت.
ئەمەش بۆ دڵنیابوونەوەیە لەوەی پارەکە بە دروستی لەو شوێنانەدا خەرج دەکرێت کە زۆرترین پێویستییان بە ئاوەدانکردنەوە هەیە. دووپاتیشی کردەوە کە پابەندن بەو بەڵێنەی بە خەڵکی ناوچەکەیان دابوو، کە تا کۆتایی و چارەسەرکردنی هەموو کێشەکان لەگەڵیاندا دەمێننەوە.
ڕایگەیاند'' لە ئێستادا لەپێشینەی کارەکانی (ئەولەویەتی)، تەواوکردنی پڕۆژەی ستراتیژیی ئاوی گۆپتەپەیە.'' ئاماژەی بەوە کرد کە هەموو هەوڵەکان بۆ ئەوەن لە نزیکترین دەرفەتدا ئەم پڕۆژەیە بکەوێتە کار، تا کێشەی کەمئاوی لە قەزاکە بە یەکجاری و بۆ هەمیشە چارەسەر بکرێت.