لە رۆژانی داهاتوودا یەکێتی و پارتی چەند هەنگاوێک بە ئاراستەی لێکنزیکبوونەوەی زیاتر دەهاوێژن
لەم هەفتەیەدا هەردوو لایەنی پارتی و یەکێتی لە ئاستی باڵا چەند هەنگاوێکی تر بە ئاراستەی پێکهێنانی کابینەی نوێی هەرێم و نزیکبوونەوە لە گەیشتن بە رێککەوتن لەسەر کاندیدێک بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران دەهاوێژن.
بەپێی زانیارییەکانی " سپی " لەم هەفتەیەدا وەفدی دانوستانی یەکێتی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ بە سەرۆکایەتی قوباد تاڵەبانی سەردانی مەسرور بارزانی جێگری سەرۆکی پارتی و سەرۆکی کاربەڕێکەری حکومەت دەکەن کە زیاتر بۆ رەخساندنی کەشێکی گونجاو دەبێت بۆ لەیەکە نزیکبوونەوەی زیاتری ئەو دوو حیزبە.
یەکێک لەو هەنگاوانەی تر وەفدی دانوستانی یەکێتی و پارتی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ دەستدەکەنەوە بە کۆبوونەوەکانیان لە بارەی دابەشکردنی پۆستەکان، هەرچی لیژنەکەی پارتییە، لەلایەن هۆشیار زێبارییەوە سەرۆکایەتی دەکرێت، هەرچی وەفدی یەکێتییە لەلایەن قوباد تاڵەبانییەوە سەرۆکایەتی دەکرێت.
بۆ کۆبوونەوەی داهاتووی باڵای نێوان مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی و بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی لەبەر رۆشنای ئەو کۆبوونەوانەی لیژنەکانی سازدەکرێت.
تا ئێستا لە ٤ ی شوبات و ١١ شوباتدا دوو کۆبوونەوەی نێوان بارزانی و بافڵ تاڵەبانی سازکراوە، هەردوو کۆبوونەوەکە ئەرێنی بووەو بڕیار لەسەر پێکهێنانی ئەنجومەنێکی سیاسی باڵا دراوە، سەرەتا یەکێتی و پارتی دایدەمەزرێنن و دواتر لەلایەنەکانی تر دەبنە ئەندامی ئەو ئەنجومەنە.
PM:11:10:15/02/2026