لیژنەکانی
قایمقامیەتی سلێمانی لە دیوانی پارێزگای سلێمانی کۆبونەوەی تایبەت بە مانگی
ڕەمەزانیان ئەنجامدا و وەک ئامادەکارییەک بۆ هاتنی مانگی ڕەمەزان و لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا
پلان و بەرنامەکانیان خستە ڕوو.
دوو شەممە،
١٦ شوبات ٢٠٢٦، لیژنەکانی قایمقامیەت ڕایانگەیاند "لە مانگی ڕەمەزاندا کارەکانمان چڕتر دەکەینەوە و لیژنەکانی تەندروستی
و ئەمنی و پشکنین بەردەوام دەبن لە چاودێریکردنی شوێنە بازرگانییەکان".
هەر لە کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانیەکەدا هۆشداری درایە بازرگانان کە پەنا
بۆ گرانکردنی نرخی کاڵاکان نەبەن "هەر بازرگانێک نرخ گران بکات، ڕووبەڕووی
لێپێچینەوەی یاسایی دەبێتەوە و سزا دەدرێت".
لە بارەی بەرزبونەوەی نرخی گۆشت لە
بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان لیژنەکانی قایمقامیەت دەڵێن "لە ئێستادا تەنیا نرخی گۆشت لە بازاڕەکاندا بەرزبووەتەوە، هۆکاری ئەم
بەرزبوونەوەیە بۆ پرۆسەی هاوردەکردنی ئاژەڵ لە وڵاتانی ناوچەکەوە دەگەڕێتەوە، کە
کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر دیاریکردنی نرخەکەی لە ناوخۆدا هەبووە".
سەبارەت بەکردنەوەی چێشتخانەکان بە ڕۆژ لە مانگی ڕەمەزاندا، بڕیاری
لیژنەی قایمقامیەت بەم شێوەیەیە "خواردنگەکان بۆ ژەمی نیوەڕۆ کراوەن، بەڵام بە
مەرجی ئەوەی کە بە تەواوی ڕێز لە پیرۆزیی مانگەکە بگرن، ئەم ڕێکاری کردنەوەیە بۆ
خزمەتکردنی ئەو کەسانەیە کە بەهۆی گەشتیاری یان هەر هۆکارێکی تر ناتوانن بەڕۆژوو
بن".
لە کۆتایدا
سەرۆکی لیژنەی قایمقامیەتی سلێمانی وتی "ڕێنمایی تایبەت دراوەتە ئەو شوێنانەی شیرینی و لوقمەقازی دروست دەکەن،
ڕێنماییەکان جەخت لەسەر شێوازی بەکارهێنانی زەیت، چۆنییەتی هەڵگرتنی شیرینییەکان و
ئامرازەکانی گواستنەوەیان دەکەنەوە، تاوەکو بە هەموو شێوەیەک مەرجە تەندروستییەکان
لە کاتی دروستکردن و فرۆشتنیاندا جێبەجێ بکرێن".