لە کەرکوک بزوتنەوەی گۆڕان کۆنفرانسی بەست و ڕێکخەری گشتی و ٥٥ ئەندامی جفاتی نیشتمانی هەڵبژێردران، لە کاتی کۆنفرانسەکەدا ئاراستەی گردی زەرگەتەی بزوتنەوەی گۆڕان هۆڵی کۆبونەوەکەیان بەجێهێشت.
دوو شەممە، ١٦ شوبات ٢٠٢٦، ئەمڕۆ دانا ئەحمەد مەجید، بە رێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان هەڵبژێردرا و ٥٥ ئەندامیش بۆ جڤاتی نیشتمانیی هەڵبژێردران، لە کۆنفرانسەکەدا کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانیش ئامادەبوون.
پێش کۆنفرانس، کێشەی نێوان دوو ئاراستەی بزووتنەوەی گۆڕان هەبوو، بەڵام ئەمڕۆ هەردوو ئاراستەکە پێکەوە چوونە هۆڵی کۆنگرە، بەڵام ئاراستەی گردی زەرگەتە کە ٢٩١ دەنگ بوو لە کۆنفرانسەکە کشانەوە و ئاراستەی کوردساتیش ٤٩١ دەنگ بوو.
دلێر عەبدولخالق، وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان ئاراستەی گەڕەکی کوردسات، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند "ئێمە زیاتر لە ساڵێکە کێشەی رێکخراوەیی و یاسایی و سیاسییمان هەبوو، ئەم هەنگاوە بۆیە گرنگە ئەم رێکگرییانەی تێپەڕاند، ئەمە سەرکەوتنی تەنیا رێکخەری نوێی گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان و ئەم جڤاتە نییە، بەڵکو سەرکەوتنی هەموو ئەم ئەندامانەیە کە لە هەموو ناوچەکانی کوردستان هاتوون و بەشدارییان کردووە، هەروەها سەرکەوتنی هەموو ئەم دەنگدەرانەی گۆڕانە کە لە ٢٠٠٩ەوە دەنگیان داوە".
وتەبێژەکەی گۆڕان ئاماژەی بەوەکرد کە "بەداخەوە ژمارەیەک لە هاوڕێکانمان هۆڵی کۆنفرانسیان بەجێهێشت، ئێمە سەرکەوتنی ئەم کۆنفرانسە بە هی ئەوانیش ئەزانین، بزووتنەوەی گۆڕان هی هەموو خەڵکە".
لای خۆشیانەوە عەبدولوەهاب ئەحمەد، بەرپرسی پەیوەندییەکانی هەولێری بزووتنەوەی گۆڕان ئاراستەی گردی زەرگەتە لە لێدوانێکدا وتی "کاک دانا رێکخەری باڵی کوردساتە نەوەکو رێکخەری گشتی و بە هیچ شێوەیەک بە رێکخەری گشتیی نازانین، باڵی کوردسات بە چەپڵە رێزان و بەبێ ژمارەی یاسایی ئامادەبووان هەڵیان بژاردووە".
عەبدولوەهاب ئەحمەد دەشڵێت "ئێمە کۆی پڕۆسەکە رەتدەکەینەوە و بە نایاسایی دەزانین، بەڵگەشمان لایە کە لە کۆنفرانسەکەدا حیزبێکی دەسەڵات هاوکاریی کردوون و کۆمیسیۆنیش لایەنگیریی کردوون، چەندین ئەندامی مەڵبەند و کۆمیتە ئەمڕۆ لە کۆنفراسدا بەشداربوون".
هەردوو ئاراستەکەی گۆڕان پێکەوە و بە جیاش ساڵی رابردوو کۆنفرانسیان بەڕێوەبرد، بەڵام هیچیان لە بەدەستهێنانی رەزامەندی کۆمیسیۆن و خاوەنداریکردنی فەرمیی بزوتنەوەکە سەرکەوتوو نەبوون.