نێچیرڤان بارزانی و هاکان فیدان تاوتوێی دۆخی ناوچەکە دەکەن


سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی لە ڕێگای پەیوەندی تەلەفۆنییەوە لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیا، هاکان فیدان قسەی کرد.

دوو شەممە، ١٦ شوبات ٢٠٢٦، ئاژانسی هەواڵی  ئەنادۆڵ بڵاویکردەوە کە لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا "فیدان و بارزانی پێشهاتە نوێیەکان تاوتوێ کراون".

ڕۆژی ٩ ئەم مانگە هاکان فیدان لە چاوپێکەوتنێکی کەناڵی CNNTURK ڕایگەیاند "دوای لەناوبردنی پەكەكە لە سوریا، دەستمان بەتاڵ دەبێت بۆیان لە عێراق، ٢١ جار لەگەڵ حەشی شەعبی کۆبومەتەوە تا لە زەویەوە هێرش بکەنە سەر مەخمور و شەنگال و ئێمەش لە زەویەوە هێرش بکەین، بەڵام ئەوان قبوڵیان نەکردوە" هەروا ئەوەشی وت کە لە داهاتوودا "گۆڕانکاری لە شەنگال و مەخمور ڕوودەدات".

لە بەرامبەر لێدوانەکەی هاکان فیدان، ڕۆژی ١١ شوبات ٢٠٢٦، وەزارەتی دەرەوەی عێراق بانگێشتی باڵیۆزی تورکیای لە عێراق، ئەنیل بۆرا ئینانی کرد بۆ " پیشاندانی نیگەرانی و ناڕەزایەتی عێراقی بەرامبەر بەو لێدوانانەی فیدان دەربڕی".

لە کاتێکدا بەرپرسانی حکومی و حزبی لە هەرێمی کوردستان هیچ هەڵوێستێکیان لە بەرامبەر وتەکانی هاکان فیدان تا ئێستا نەبوە. 





PM:06:00:16/02/2026