هاوپەیمانیی کۆمەڵایەتی عەفرین، ئەنجومەنی پەنابەرانی عەفرین و شەهبا و نوێنەرایەتی کۆمەڵگەی مەدەنی ئەوروپا، لە بەردەم بینای ئەنجوومەنی پەنابەرانی عەفرین و شەهبا، لە قامیشلۆ سەبارەت بە گەڕانەوەی سەلامەتی ئاوارەکانی عەفرین کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیان ئەنجامدا.
دوو شەممە، ١٦ شوبات ٢٠٢٦، ئیبراهیم هەفتارۆ، ئەندامی بەرێوەبەری هاوپەیمانیی کۆمەڵایەتی عەفرین ڕایگەیاند "لە دوای ڕێککەوتنی ٢٩ کانونی دووەم کە لە نێوان هەسەدە و حکومەتی کاتیی سوریا واژۆ کرا، ئەوانیش بەگوێرەی بڕگەی ڕێککەوتنەکە سەبارەت بە گەڕانەوەی ئاوارەکان دەستیان بە ئامادەکارییەکان کردووە و ئەمڕۆ ڕایدەگەیەنن کە دەست بە گەڕانەوەی پەنابەرانی عەفرین دەکەن".
ئیبراهیم هەفتارۆ دەڵێت "وەکو بەشی یەکەم نزیکەی ٤٠٠ بۆ ٥٠٠ خێزان دەنێرینەوە بۆ عەفرین، بەڵام هێشتا وادەی گەڕانەوەیان دیاری نەکراوە، بەڵام لە ئایندەیەکی نزیکدا ئەنجام دەدرێت".
ئەندامەکەی بەڕێوبەری هاوپەیمانی کۆمەڵایەتی عەفرین ئاماژەی بەوەکرد کە پێش دەستپێکردنی ئەم پرۆسەیە، کۆبوونەوەیان لەگەڵ ئەنجومەنی پەنابەرانی عەفرین و شەهبا، نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان(UN) و حکومەتی کاتیی سوریا ئەنجامداوە.
"بەهۆی بارودۆخی کەشوهەوا و بەمەبەستی کەمکردنەوەی سەختی بۆ خەڵک، پڕۆسەی گەڕانەوە بە قۆناغ ئەنجام دەدەین، گەڕانەوەی سەلامەت بە هاوکاریی حکومەتی دیمەشق و نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنجام دەدەین، هیوادارین ئەم پرۆسەیە بە تەواوی جێبەجێ بکرێت"، ئیبراهیم هەفتارۆ وا دەڵێت.
ئەندامی نوێنەرایەتی کۆمەڵگای مەدەنی ئەوروپا، هێمن قەرەداغی لە بارەی ژمارەی ئەو خێزانانەی دەگەڕێنەوە وتی "لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا دەستمان بە ئامادەکارییەکان کردووە، ١٥٠ خێزان لە هەرێمی جندرێس، ١٥٠ خێزان لە هەرێمی ماباتا و ١٠٠ خێزان لە هەرێمی شییا دەگەڕێنەوە سەر ماڵی خۆیان".
لە ساڵی ٢٠١٨ هێرشی تورکیا بۆ سەر عەفرین دەستیپێکرد و داگیرکرا و بەشێکی زۆری خەڵکی شارەکە ئاوارەبوون بۆ ناوچەکانی تری ڕۆژئاوای کوردستان.