لە چوارچێوەی هەوڵە چڕەکان بۆ تێپەڕاندنی بنبەستی سیاسی لە هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی لە کۆبوونەوەیەک دا پرسی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانیان تاوتوێ کرد.
ئەم دیدارە کە لە کاتێکدایە کە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، دەرەنجامی کۆبوونەوەکانی ئەمدواییەی نێوان پارتی و یەکێتی بە "ئەرێنی و دەسپێکێکی باش" وەسف کرد.
بەپێێ زانیارییەکان، بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا، مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆببنەوە بۆ داڕشتنی نەخشەڕێگەیەکی هاوبەش سەبارەت بە دابەشکاریی پۆستەکان و کارنامەی حکومەتی داهاتوو.
ئەم کۆبوونەوەیە وەک قۆناغێکی یەکلاکەرەوە دەبینرێت بۆ چەسپاندنی ئەو خاڵە هاوبەشانەی کە لە کۆبوونەوەی رۆژی ١١ی ئەم مانگەی نێوان مەسعود بارزانی و بافڵ تاڵەبانی لە پیرمام دەستنیشانکرابوون، کە بڕیارە دوای تەواوبوونی کارەکانی مەکتەبی سیاسی، جارێکی دیکە هەردوو سەرۆک بۆ بڕیاری کۆتایی کۆببنەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە، سپی میدیا وەکو یەکەم میدیای کوردی بڵاویکردەوە کە بەپێی زانیارییەکانی " سپی " لەم هەفتەیەدا وەفدی دانوستانی یەکێتی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ بە سەرۆکایەتی قوباد تاڵەبانی سەردانی مەسرور بارزانی جێگری سەرۆکی پارتی و سەرۆکی کاربەڕێکەری حکومەت دەکەن کە زیاتر بۆ رەخساندنی کەشێکی گونجاو دەبێت بۆ لەیەکە نزیکبوونەوەی زیاتری ئەو دوو حیزبە.
سەرەڕای نزیکبوونەوەکان لە هەولێر، پرسی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق وەک خاڵێکی جەوهەریی ململانێ لە نێوان هەردوو هێزە سەرەکییەکە ماوەتەوە.
پارتی دیموکراتی کوردستان بە فەرمی (فوئاد حوسێن)ی وەک کاندیدی خۆی بۆ ئەو پۆستە دەستنیشان کردووە، لە بەرامبەردا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان جەخت لە کاندیدکردنی (نزار ئامێدی) دەکاتەوە.