شاندێکی باڵای پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) کە پێکهاتبوون لە پەروین بوڵدان و میتحەت سانجار و فایەق ئۆزگور، ئەمڕۆ دووشەممە ١٦ی شوبات، سەردانی دوورگەی ئیمرالییان کرد و کۆبوونەوەیەکی گرنگیان لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان ئەنجامدا.
ئەم دیدارە کە سێ کاتژمێری خایاند، تێیدا جەخت لە کۆتایی هاتنی قۆناغی پێشوو و دەستپێکردنی هەنگاوە پراکتیکییەکان کرایەوە.
میتحەت سانجار وەک ئەندامێکی شاندی ئیمرالی دوای تەواوبوونی دیدارەکە ناوەڕۆکی گفتوگۆکانی بۆ ڕای گشتی ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند'' قۆناغی یەکەمی پڕۆسەی ئاشتی و بونیادنانی کۆمەڵگای دیموکراسی بە سەرکەوتوویی کۆتایی هاتووە.''
ئاماژەی بەوە کرد، ئەم کۆبوونەوەیە تەنها دیدارێکی ئاسایی نەبووە، بەڵکو وەک خاڵی دەستپێکی "قۆناغی یەکگرتنی دیموکراسی" ناوزەندی کرد کە ئامانج لێی قووڵکردنەوەی پێکەوەژیان و دۆزینەوەی چارەسەرە ڕیشەییەکانە بۆ کێشە هەڵپەسێردراوەکانی چەند دەیەی ڕابردوو.
ئەم هەنگاوە نوێیەی شاندی ئیمرالی لە کاتێکدایە کە پرسی کورد لە تورکیا لە ناوخۆ و دەرەوەدا ڕووبەڕووی ئاستەنگی گەورە بووەتەوە و پێشتریش چەندین هەوڵی ئاشتی بەهۆی گۆڕانکارییە سیاسییەکانەوە پەکخرابوون. چاودێرانی سیاسی پێیان وایە کە قۆناغی یەکگرتنی دیموکراسی دەبێتە تاقیکردنەوەیەکی سەخت بۆ حکومەتی تورکیا و لایەنە کوردییەکان تاوەکو بتوانن لە دروشمەوە بەرەو هەنگاوی یاسایی و دەستووری هەنگاو بنێن.
چاوەڕوان دەکرێت لە ڕۆژانی داهاتوودا شاندەکە زانیاری وردتر لەسەر پەیامە نوێیەکانی ئۆجەلان بڵاو بکەنەوە کە کاریگەری ڕاستەوخۆی دەبێت لەسەر نەخشەی سیاسی ناوچەکە و شێوازی کارکردنی پارتی دیموکراتی گەلان لە پەرلەمان و شەقامی تورکیادا.