ئیلهام ئەحمەد: پێویسته‌ به‌په‌له‌ گه‌مارۆی سه‌ر كۆبانێ هه‌ڵبگیرێت

هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی، جەخت لەسەر پێویستیی کۆتاییهێنان بەو گەمارۆ سەختە دەکاتەوە کە ماوەی ٢٩ ڕۆژە بەسەر شاری کۆبانێدا سەپێنراوە. 

ئیلهام ئەحمەد، ئاماژەی بەوە کرد، لە میانی کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ شاندی حکومەتی دیمەشق لە کۆنفرانسی میونشن، بە ڕوونی داوایان کردووە هاوکارییە مرۆییەکان بگەنە شارەکە و هێزەکانی حکومەت لە بەرەکانی پێشەوەی کۆبانێ بکشێنەوە، چونکە دۆخی تەندروستی و بژێوی دانیشتوان گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار.

 لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکانیدا، ئیلهام ئەحمەد ڕایگەیاند'' ئامادەیی ئەوان لە کۆڕبەندە نێودەوڵەتییەکاندا، بەتایبەت کۆنفرانسی میونشن، بۆ مەبەستی بەشدارییەکی چالاکانەیە لە پڕۆسەی ئاوەدانکردنەوەی سوریادا.''

 دووپاتی کردەوە کە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری خۆی بە هاوبەشێکی سەرەکی لە بنیاتنانی دەوڵەتێکی نوێدا دەبینێت و لە هەموو گفتوگۆ و کۆبوونەوەکاندا پاراستنی مافە ڕەواکانی گەلی کورد وەک لەپێشینەترین کاری سیاسی و مرۆیی خۆیان دەمێنێتەوە.

سەبارەت بە کاردانەوەی وڵاتانی دراوسێ، هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکان ئاشکرای کرد کە تا ئێستا ئەنقەرە هیچ هەڵوێستێکی نەرێنی بەرامبەر بەو ڕێککەوتنانە نیشان نەداوە کە لەگەڵ حکومەتدا ئەنجام دراون.

 لە هەمان کاتدا ئاماژەی بەوە کرد کە گفتوگۆکان بۆ تێکەڵکردنی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لە چوارچێوەی سوپای سوریادا بەردەوامن و ئەم هەنگاوەش لە ژێر چاودێری چەندین وڵاتدایە. 





AM:11:27:17/02/2026