ئاسایش گرووپێکی مەترسیداری چەکداری "داعشی" ویلایەتی کوردستانی هەڵوەشاندەوە

دەزگای ئاسایشی هەرێم، هەڵوەشاندنەوەی گروپێکی مەترسیداری چەکداری "داعش" بەناوی (کەتیبەی پێنجی سەلمانی فارسی) سەربە ویلایەتی کوردستان ڕادەگەیەنێت.

دەزگای ئاسایشی هەرێم شەوی سێشەممە لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە کە" بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئۆپراسیۆنەکانی ئاسایش بەهەماهەنگی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق، لەسەر بنەمای زانیاری هەواڵگری و ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان لەڕۆژی ٢٠٢٥/١٢/٨ تا ٢٠٢٦/٢/٩ توانییان، چەند ئۆپراسیۆنیک بۆ دەستگیرکردنی تیرۆریستان لەسنوری (هەڵەبجە، سەیدسادق،پێنجوێن، گەرمیان، دیالە) ئەنجام بدەن".

دەشڵێت" پیلانی چەکدارانی داعش (کەتیبەی پێنجی سەلمانی فارسی) سەر بە ویلایەتی کوردستان بەمشێوەیە بوو:

-خۆ ڕێکخستنەوە و درووستکردنی گروپی تیرۆریستی
-دروستکردنی شوێنی مانەوە (المچافە)
-گواستنەوەی چەکدارانی داعش لەوڵاتانی دراوسێ بۆ کوردستان و خوارووی عێراق".

دەزگای ئاسایش راشیگەیاند" لەکۆی ئەم چالاکییەدا یەک کارمەندی دەزگای ئاسایشی هەرێم برینداربوو و توانرا ١٠ تیرۆریست دەستگیربکرێت و دەستیشگیرا بەسەر ( هەشت چەک و یەک دەمانچە و دوو بۆمبی دەستی و ماددەی تەقینەوە لەجۆری سیفۆر و دوربین و پشتێنی خۆکوژی ) ".

ئەوەش خراوەتەڕوو" لەئێستادا سەرجەم تیرۆریستان بە ماددەی چواری تیرۆر، ڕاگیراون و لێکۆڵینەوە لە دۆسییەکانیان بەردەوام



PM:09:12:17/02/2026