فەرهاد ئەترووشی: تێپەڕاندنی پۆستی سوپاسالار پێشێلکاریی زەقە و پەنا بۆ دادگا دەبەین

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بە توندی دژی شێوازی دەنگدان لەسەر پۆستی سوپاسالاری سوپای عێراق دەوەستێتەوە و بە "پێشێلکارییەکی زەقی دەستووری" وەسفی دەکات .

سێشەممە ١٧ی شوباتی ٢٠٢٦، فەرهاد ئەمین ئەترووشی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا بە توندی دژی شێوازی بەڕێوەچوونی دانیشتنەکەی ئەمڕۆی پەرلەمان وەستایەوە و ڕایگەیاند" تێپەڕاندنی پۆستی سوپاسالار بەو شێوەیە "پێشێلکارییەکی زەقە" و پەنا بۆ دادگا دەبەن".

وتیشی "سەرەڕای ئەو دۆخە سەختەی عێراق و ناوچەکە پێیدا تێدەپەڕێت، سەرۆکی پەرلەمان هەنگاوێکی نا کە دۆخەکە زیاتر ئاڵۆز دەکات، ئەویش بە پەلەکردنێکی گوماناوی لە دەنگدان لەسەر هەندێک لە پلە تایبەتەکان."

جێگری سەرۆکی پەرلەمان ئاشکرای کردووە، پێش دانیشتنەکەی ئەمڕۆ سێشەممە ١٧ی شوبات، سەرۆکایەتی پەرلەمان کۆبووەتەوە و ڕێککەوتوون لەسەر ئەوەی بەرنامەی کار تەنیا تایبەت بێت بە هەموارکردنەوەی پەیڕەوی ناوخۆ و یەکخستنی لیژنەکان، بەڵام بەداخەوە بەبێ ڕێککەوتن بڕگەی دیکە زیاد کراوە و بە شێوەیەکی خێرا دەنگ لەسەر پۆستە هەستیارەکان دراوە، لەوانە پۆستی سوپاسالاری سوپا، کە ئەمەش گومانێکی گەورەی لای ئێمە و پێکهاتەکان دروستکردووە.

فەرهاد ئەترووشی ئەم هەنگاوەی بە "پێشێلکاری ئاشکرای ماددەی ٩ی دەستوور و ماددەی ٣٧ی پەیڕەوی ناوخۆ" وەسف کردووە و بە لێدان لە پرەنسیپی هاوبەشی نیشتمانی و هاوسەنگی و تەوافوقی سیاسیی دەزانێت کە بە هیچ شێوەیەک قبووڵکراو نییە.


جێگری سەرۆکی پەرلەمان هۆشداریداوە و دەڵێت "لەلایەن ئێمەوە ئەم دەنگدانە هیچ شوێنەوارێکی یاسایی و ئیداریی لێ ناکەوێتەوە و هەموو ڕێکارە یاسایی و دەستوورییەکان دەگرینەبەر، لەوانەش پەنابردن بۆ دادگا."

هاوکات فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان  لە پەرلەمانی عێراق، لە راگەیەنراوێکدا زیادکردنی بڕگەیەکی بۆ بەرنامەی کاری کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمان بە "پێشێلکاریی ئاشکرای دەستوور" و مادەکانی پەیڕەوی ناوخۆ ناو برد و دەڵێت" کە ئەو هەنگاوە دژی پرەنسیپی کۆدەنگیی سیاسییە و بە تەواوی رەتی دەکەنەوە".




PM:11:15:17/02/2026