دەم پارتی چەند بڕگە و بەشی ئەو راپۆرتەی کورد ناویناوە" ئاشتی " و، تورکیا ناوی دەنێت" تورکیای بێت تیرۆر" ئەمڕۆ لە کۆی ٥١ ئەندام ٤٧ دەنگی پێدرا.
رۆژی چوار شەممە ١٨ ی شوبات دەم پارتی رایگەیاند " بە واژۆی ئەندامی دەم پارتی لە کۆمیسیۆن، گوڵستان کلچ کۆچیگیت و مەراڵ دانش بەشتاش و حەقی ساروخان ئۆلوچ و جەلال فورات و جەنگیز چیچەک بڵاوکرایەوە".
لە ڕاگەیاندراوەکەی دەم پارتیدا رەخنە لە چەند بڕگە دەگرێت لەوانە،م چەمکی "پرۆسەی تورکیا بێ تیرۆر" و "ڕێکخستنی تیرۆر" و هتدو، پارتە کوردیەکە بە " ڕاستی نابینن".
لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە "لەم جوگرافیایەدا تورک و کورد و عەرەب و چەندین ئیتنیک و گرووپی باوەڕی جیاواز هەن، پێویستە پەیوەندیی نێوان گەلان و باوەڕەکان لەسەر بناغەیەکی دیموکراتیک بێت".
دەم پارتی تیشک دەخاتە سەر بانگەوازەکەی سەرۆک زیندانیکراوی پەکەکە عەبدوڵا ئۆجئەلان کە لە ٢٧ـی شوباتی ٢٠٢٥دا رایگەیاند و دووپاتی دەکاتەوە کە ئەوان ئەم پرۆسەیە وەک "پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک" پێناسە دەکەن.
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، هیچ لێکتێگەیشتنێک لەنێو کۆمیسیۆن سەبارەت بە ناونانی پرۆسەکە نییە و دەبێت پێناسەی "دیموکراسی، خوشک-برایەتی و یەکێتیی نەتەوەیی" هەڵبژێردرێت.
دەم پارتی جەختدەکاتەوە؛ نابێت پرسی کورد بە چەمکی "تیرۆر" ناوزەد بکرێت، پرسی کورد ڕەهەندی سیاسی و کۆمەڵایەتی و کەلتووری و مێژوویی هەیە، پرسی ماف و ئازادییە. لەم کاتەدا کە هەوڵی نەهێشتنی شەڕ دەدێت، بەکارهێنانی چەمکی تاکلایەنە ناچێتە خزمەتی ئاشتیی کۆمەڵایەتییەوە.
دەم پارتی رەخەنە لەو زاراوانە دەگرێت کە بەرامبەر ئۆجەلان بەکارهاتووەو دەڵێن" ئەو زمانەی لە ڕاپۆرتەکەدا سەبارەت بە ڕێبەر ئاپۆ بەکارهاتووە لەگەڵ ڕۆحی پرۆسەکەدا یەکناگرێتەوە".
لە ڕاگەیەندراوەکەشدا هاتووە" مافی زمانی دایکی، مافێکی بنچینەیی و زگماکییە و پێویستە ئاستەنگەکانی بەردەم زمانی کوردی و زمانەکانی دیکە لاببرێن و فرە زمانی قبوڵبکرێت".
لە کۆتاییدا جەخت لەوە کرایەوە کە زمانی ڕاپۆرتەکە نابێ یەکلایەنە بێت، دەبێت پرۆسەی ئاشتی لە زمان و ڕێبازیشدا ڕەنگ بداتەوە، ڕوو لە ویژدانی کۆمەڵایەتی بکات و لە چوارچێوەیەکی وەهادا بەڕێوە بچێت.
ڕاپۆرتەكە لە ٦٠ لاپەڕە پێكهاتووە و بەسەر پەرلەمانتاران پێشتر دابەش كراوەو لە کۆی ٥١ ئەندام ٤٧ ئەندام پەسەندیکرد.