عەبدوڵا ئۆجەلان: پێویستە کورد "یەکێتیی دیموکراتیک" لەنێو خۆیاندا پێکبهێنن


سەرۆکی زیندانکراوی پەکەکە، عەبدوڵا ئۆجەلان لەبارەی یەکێتی کوردانەوە، رایگەیاند "دەربارەی یەکێتتی کوردان، من یەکێتیی دیموکراتیک پێشنیاردەکەم. هەم لەنێوان کوردەکانی یەک بەش و هەم لەنێوان کوردانی بەشە جیاوازەکان. ئەمە مانای دەوڵەتێکی جیاواز نییە، بەڵکوو پرەنسیپێکی بەرفراوانە بۆ بەڕێوەبردنێکی دیموکراتیک".

لە رێگای شاندی ئیمراڵی لە ١٦ـی شوباتی ٢٠٢٦ کە دیداریان لەگەڵ سەرۆکی پەکەکە ئەنجامداو دیدارەکە نزیکەی سێ کاتژمێر و نیوی خایاند، لە ڕاگەیاندراوێکدا هاتووە " پێویستە ڕاپۆرتەکەی کۆمیسیۆن لەگەڵ ڕاستینە بنەڕەتییەکانی کۆمەڵگەدا بسازێت. ئەم تایبەتمەندییەی ڕاپۆرتەکەی کۆمیسیۆن، بایەخێکی زۆری دەبێت بۆ بەرەوپێشچوونی پرۆسەکە لە ئایندەدا. ئەو سیاسەتەی بە لۆژیکی "نەهێشتنی تیرۆریزم" مامەڵە لەگەڵ پرسەکەدا دەکات، گوزارشتە لە بنبەست نەوەک چارەسەر".

لەبارەی دامەزراندنی کۆماری تورکیاوە، سەرۆکی پەکەکە دەڵێت" ئەو پرۆسەیەی بەرەو دامەزراندنی کۆمار دەستی پێ کرد، لەسەر بنەمای یەکێتی تورک و کورد دامەزرا. هەرچەند دواتر ئەم ڕاستییە شاردرابێتەوە، بەڵام شوێنەوارەکانی لە هەموو بەڵگەکاندا دەبینرێتەوە. ئەمە لە سەردەمی شەڕی سەربەخۆی، لەکۆنگرەکان و ڕاگەیاندنی کۆماردا پەسەندکراوە. خودی موستەفا کەمال لە ١٧ـی کانوونی دووەمی ١٩٢١ لە ئەزمیت لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا هەڵسەنگاندنەکانی دەربارەی کوردان خستەڕوو. ئەم کۆمارە بەبێ کورد دانەمەزراوە. ئەوانەی نکۆڵی لەمە دەکەن، هەموو ڕۆژێک بە زمانێکی توند و وێرانکەر دەدوێن. کورد لە بنک و بناغەی کۆماردا ئامادەیە".

لە بارەی سویاوە عەبدوڵا ئۆجەلان دەڵێت " ڕۆحی ئینتیگراسیۆنی دیموکراتیک، لە هەبوون و بەدامەزراوەییکردنی دیموکراسیی خۆجێیدا ڕەنگدەداتەوە. ئێمە ئەمە بۆ سووریا پێشنیار دەکەین. مەبەستم لە دیموکراسیی خۆجێی ئەمەیە: هەر شار و گوندێک، مافی خۆیانە بە ئازادانە گوزارشت لە خۆیان بکەن و خۆیان بەڕێوەببەن. مەرجەکانی خۆبەڕێوەبەریی هەرێمی ڕوونن. باسی دەوڵەت یان هەرێمی جیا ناکەم. وەشانێکی فراوانتری جاڕنامەی ئەورووپیی بۆ خۆبەڕێوەبردنی هەرێمی کە گونجاو بێت لەگەڵ ڕاستینەی کۆمەڵگەکانمان، دەبێتە بناغەیەکی تۆکمە بۆ ئەم پێشنیارە".

لە درێژەی پەیامەکەیدا دەشڵێت "ئەم پێشنیارانە، تەنها هەبوون و مافی کوردان نا، بەڵکوو هەموو گەل و کۆمەڵگە ئاینییەکانی تری هەرێمەکە دەگرێتەوە. مێژوو بە دوورخستنەوەی کوردان بنیات نەنراوە. سوڵتان سەنجەر یەکەم کەسە هەبوونی 'کوردستان'ـی ڕاگەیاند. [سوڵتان سلێمانی] قانوونی ڕایگەیاند کە پشت بەمە دەبەستێت. پێویستە لەو سیاسەتانە دووربکەوینەوە کە لەسەر بنەمای ترس لە کورد دامەزراوە، لەو سیاسەتانەی کە کورد وەک فۆبیا و سەرچاوەی ترس دەبینن".

ئەم پەیامە لە کاتێکدایە کە رۆژی چوار شەممە ١٨ ی شوبات کۆمیتەی تورکیا " بێ تیرۆر " لە کۆی ٥١ ئەندام ٤٧ ئەندامیان پرۆژەکەیان پەسەندکرد کە لە ٧ تەوەر پێکهاتووە. دەم پارتی تێبینی و رەخنەی لەسەر چەند بڕگەیەک راگەیاند، بەڵام پرۆژەکەی پەسەند کرد.





PM:05:08:18/02/2026