لە رۆژهەڵاتی کوردستان سڕینەوەی زمانی کوردی ئیدانە دەکرێت


سەندیکای یەکێتی مامۆستایانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەبۆنەی نزیکبوونەوە لە ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک، سنووردارکردنی زمانی کوردیی و سڕینەوە ئیدانە دەکات.

بەبۆنەی نزیکبوونەوەی رۆژی زمانی کوردیەوە، لە راگەیاندنێکدا سەندیکای مامۆستایانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەڵێن" سنووردارکردنی زمانی کوردیی و سڕینەوە ئیدانە دەکەن و پێداگریی لە دەستەبەربوونی خوێندن بە زمانی دایک، واتا زمانی کوردی لە هەمووخوێندنگەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەن".  

سەندیکای مامۆستایان لە درێژەی راگەیاندنەکەیاندا دەڵێن " گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ ئەوەی زمان و شووناسی نەتەوەیی خۆی بپارێزێت سەدەیەکە بەرانبەر دەسەڵاتدارانی ئێران بەرخۆدان دەکات، دەوڵەتێک کە هەوێنی مانەوەی خۆی تەنها لە هێزی سەرکوتکردندا دەبینێتەوە." 

ئاماژە بەوەش کراوە، "مامۆستایان و مافخوازان بەشێکی بەرچاون لە تێکۆشەرانی ڕێگەی ڕزگاریی کوردستانن و ڕووبەڕووی داگیرکاریی دەبنەوە کە مەبەستیان یەکدەستکردنی زمان و کەلتوورە کە بەسەر کۆمەڵگەدا بسەپێنن." 

ڕۆژی جیھانیی زمانی دایک دەکەوێتە ٢١ی شوباتی ھەموو ساڵێک، ئامانج لەم ڕۆژە بەرزکردنەوەی ئاستی ھۆشیارییە بەرامبەر فرەزمانی و فرەفەرھەنگی لە جیھاندا. ئەم ڕۆژە یەکەمجار لە ١٧ی تشرینی دووەمی ساڵی ١٩٩٩ لەلایەن ڕێکخراوی یونێسکۆوە ڕاگەیەندرا. ساڵی ٢٠٠٨یش ئەنجومەنی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان پشتیوانیی خۆی بۆ چالاکییەکانی ئەو ڕۆژە پیشان دا و ساڵی ٢٠٠٨یشی کردە ساڵی نێودەوڵەتیی زمانەکان.

زمانی کوردیش چەندان کێشەی گەورەی هەیە، هەرچی لە تورکیا و ئێرانە ئاستنەگی گەورەی لەبەردەمدایەو دەسەڵاتداران رێگا بە خوێندن و زمانی کوردی نادەن، یان زۆر سنوردار کراوە، لە سوریاش هێشتا بەرەسمی نەچۆتە بواری جێبەجێکردنەوە، کێشەیەکی تریش نەبوونی زمانی ستاندارە بۆ هەر چوار پارچەی کوردستان.




PM:06:22:18/02/2026