هاتووچۆی ئۆتۆمبێل لە دەروازەی حاجی ئۆمەران قەدەغە دەکرێت

‌ئەرشیف، دەروازەی حاجی ئۆمەران

بەڕێوبەرایەتی دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران لە نێوان باشور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردوەتەوە سەبارەت بە بڕیارێکی نوێ کە پەیوەستە بە هاتووچۆکردن بە ئوتۆمبێل لە دەروازەکەوە.

چوار شەممە، ١٨ شوبات ٢٠٢٦، بەڕێوەبەرایەتیی دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران ڕایگەیاند "سەرجەم هاونیشتمانییانی هەرێمی کوردستان و هەڵگرانی پاسپۆرتی عێراقی ئاگادار دەکەینەوە، کە لە رێککەوتی ١ـی ئادارەوە، گەشتکردن بە ئۆتۆمبێلی تایبەت لە رێگای ئەو دەروازەیەوە بەرەو ئێران رادەگیرێت".

لە بارەی هۆکاری ڕاگرتنی هاتووچۆ بە ئۆتۆمبێل لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتوە کە "بە مەبەستی دانانی رێکار و میکانیزمی گونجاو و رێکخستنی کاروبارەکان و جێبەجێکردنی رێنماییەکانی وەزارەتە پەیوەندیدارەکانە".

وتەبێژی دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران، سیروان حسێن لە لێدوانێکدا لە بارەی بڕیارەکەوە وتویەتی "پێشتر رێکار و میکانیزمی هاتووچۆی ئۆتۆمبێلەکان لە دیوی ئێرانەوە دەکران، بەڵام لە مانگی سێ بەدواوە لەلایەن کۆمپانیایەکی نێوخۆییەوە لە هەرێمی کوردستاندا دەکرێت".




PM:07:25:18/02/2026