بە پێی چەند گرتە ڤیدیۆیەک کە بڵاوکراونەتەوە ئۆتۆمبێلێک لە ڕێگای نێوان دووکان بۆ سلێمانی و نزیک بازگەی کەڵەوانان تەقیوەتەوە و کەسێک گیانی لەدەستداوە و کەسێکی دیکەش بریندارە.
چوار شەممە، ١٨ شوبات ٢٠٢٦، ئەو ئۆتۆمبێلەی تەقیوەتەوە لە جۆری تویۆتا لاندکروزەر بوە و بە پێی یەکێک لەو گرتە ڤیدیۆیانەی بڵاوبۆتەوە شایەدحاڵێک لە کاتی تۆمارکردنی دیمەنی سوتانی ئۆتۆمبێلەکەدا، تەرمێکیش پیشان دەدات کە لە نزیک ئۆتۆمبێلەکە لەسەر زەویەکە کەوتوە و دەڵێت "درۆن لێی داوە".
سەبارەت بە ڕوداوەکە کامەران عوسمان، ئەندامی ڕێکخراوی CPT ئەمریکی ڕایگەیاند "درۆن بۆردوومانی ئۆتۆمبێلەکەی کردووە و دوو سەرنشینی تێدا بووە".
سیروان سەرحەد، قائیمقامی قەزای دوکان باس لەوە دەکات تا ئێستا نازانن هۆکاری تەقینەوەی ئۆتۆمبێلەکە چیە و وتویەتی "ئەو ئۆتۆمبێلەی لە ناوچەی کەڵەوانان گڕی گرتووە، بڕێکی زۆر چەک و تەقەمەنی تێدابووە، بەڵام تاوەکو ئێستا دیار نییە کە ئایا بە ئامانج گیراوە یان بەهۆی کێشەیەکی ناوخۆییەوە ئاگری گرتووە".
تا ئەم کاتە هیچ ڕونکردنەوەیەک لە لایەن هێزە ئەمنیەکانەوە بڵاونەکراوەتەوە و خەریکی لێکۆڵینەوەن لە ڕوداوەکە.
بازگەی کەڵەوانان دەکەوێتە نێوان شاری سلێمانی و ناحیەی پیرەمەگرون و ١٥ کیلۆمەتر لە سەنتەری سلێمانیەوە دوورە.
نوێ دەکرێتەوە...