سەرچاوەیەکی لە حزبی کۆمەڵەی شۆڕشگێرانی کوردستانی ئێران ئاشکرای کرد " ئەو ئۆتۆمبێلەی کراوەتە ئامانج هی عومەری ئیلخانی زادەیە و دوو پێشمەرگەی تێدابوە و یەکێکیان شەهید بوە و ئەوی دیکەیان بە سەختی برینداربوە".
چوار شەممە، ١٨ شوبات ٢٠٢٦، سەرچاوەیەک لە کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان زانیاری لە بارەی ئەو ئۆتۆمبێلەوە ئاشکراکرد کە ئەم ئێوارە لە نزیک بازگەی کەڵوانان لە سلێمانی تەقیەوە و بە سپی میدیای ڕاگەیاند "تەقینەوەکە لە ڕێگای بۆمبی لێکندراوەوە بوە و گومان دەکەن ئێران لە پشت ڕوداوەکەوە بێت، ئۆتۆمبێلەکە لە جحری تویۆتا لاندکرۆزەری گولەنەبڕە و تەقەمەنی تێدابوە".
عومەری ئیلخانیزادە کەسی دووەمی ناو حزبە ئۆپۆزسیۆنەکەی ئێرانە و لە کاتی ڕوداوەکەدا خۆی لە ناو ئۆتۆمبێلەکەدا نەبوە.
بەکر عەبدولکەریم، بەڕێوەبەری ناحیەی پیرەمەگروون، باسی لەوە کردوە دوای گەیاندنی بریندارەکە بە نەخۆشخانە بەهۆی سەختیی برینەکانییەوە گیانی لەدەستداوە.
سەبارەت بە ڕوداوەکە کامەران عوسمان، ئەندامی ڕێکخراوی CPT ئەمریکی ڕایگەیاند "لە کاتژمێر ٧:٤٠ خولەکی سەر لە ئێوارەی ئەمڕۆدا، ئۆتۆمبێلێکی جۆری (لاندکرۆزەر - ژمارە سلێمانی - گولە نەبڕ) لەسەر ڕێگای نێوان دوکان بۆ سلێمانی، بەرامبەر گوندی حەسەن تەپە لەلایەن درۆنێکی نەناسراوەوە بە ئامانجگیرا".
سیروان سەرحەد، قائیمقامی قەزای دوکان باس لەوە دەکات تا ئێستا نازانن هۆکاری تەقینەوەی ئۆتۆمبێلەکە چیە و وتویەتی "ئەو ئۆتۆمبێلەی لە ناوچەی کەڵەوانان گڕی گرتووە، بڕێکی زۆر چەک و تەقەمەنی تێدابووە، بەڵام تاوەکو ئێستا دیار نییە کە ئایا بە ئامانج گیراوە یان بەهۆی کێشەیەکی ناوخۆییەوە ئاگری گرتووە".
تا ئەم کاتە هیچ ڕونکردنەوەیەک لە لایەن هێزە ئەمنیەکانەوە بڵاونەکراوەتەوە و خەریکی لێکۆڵینەوەن لە ڕوداوەکە.
بازگەی کەڵەوانان دەکەوێتە نێوان شاری سلێمانی و ناحیەی پیرەمەگرون و ١٥ کیلۆمەتر لە سەنتەری سلێمانیەوە دوورە.