عومەری ئیلخانی زادە، دوای ئەوەی ئەم ئێوارەیە لە نزیک بازگەی کەڵوانان ئۆتۆمبێلەکەی کرایە ئامانج لە لێدوانێکی تایبەت بۆ سپی میدیا دەڵێت "خۆم لە ناو ئۆتۆمبێەلەکدا نەبووم و چاوەڕێی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان دەکەین لەسەر هۆکاری تەقینەوەکە".
چوار شەممە، ١٨ شوبات ٢٠٢٦، عومەر ئیلخانی زادە، یەکێکە لە بەرپرسە باڵاکانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان بە سپی میدیای ڕاگەیاند "ئۆتۆمبێلەکەم لە سلێمانیەوە بەڕێگاوە بوە بەرەو قەزای دووکان، دوو پێشمەرگەی تێدابوە و یەکێکیان شەهید بوە و ئەوی دیکەیان بریندارە و خۆم لەگەڵیاندا نەبووم".
لە بارەی ئەوەی گومان دەکەن کێ لە پشت ڕوداوەکەوە بێت، ئەو بەرپرسەی حزبە ئۆپۆزسیۆنەکەی ئێران وتی "چاوەڕێی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان دەکەین".
تا ئێستا هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی لە بارەی ڕوداوەکەوە هیچ ڕونکردنەوەیەکیان بڵاونەکردوەتەوە.
بازگەی کەڵەوانان دەکەوێتە نێوان شاری سلێمانی و ناحیەی پیرەمەگرون و ١٥ کیلۆمەتر لە سەنتەری سلێمانیەوە دوورە.