وتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێم لە بارەی ڕووداوی تەقینەوەی ئۆتۆمبێلەکەی نزیک بازگەی کەڵەوانانی سلێمانی ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردوەتەوە و دەڵێت "ڕووداوەكەی ئەمشەوی نزیك بازگەی كەڵەوانان، ڕووداوێكی هاتووچۆی ئاسایی بووە".
چوار شەممە، ١٨ شوبات ٢٠٢٦، عەقید کارزان شێرکۆ، وتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێم ڕایگەیاند "دەستبەجێ لەسەر ئەم ڕووداوە تیمەکانی لێکۆڵینەوەی دەزگای ئاسایشی هەرێم دەگەنە شوێنی ڕووداوەکە و لێکۆڵینەوە ئەنجام دەدەن و دەردەکەوێت، ئۆتۆمبێلێکی جۆری لاندگرۆزی دڕع بووە بەهۆی ڕووداوی هاتوچۆوە وەرگەڕاوە و گڕی گرتووە".
ئاسایشی هەرێم باسی لەوەش کردوە کە "لە ڕووداوەکە دوو سەرنشین لەئۆتۆمبێلەکەدا، هەبووە و کەسێکیان گیانی لەدەستداوە".
ئەو ئۆتۆمبێلەی تەقیەوە هی عومەر ئیلخانی زادە بوو کە یەکێکە لە بەرپرسە باڵاکانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان و دوای ڕوداوەکە بە سپی میدیای ڕاگەیاند "ئۆتۆمبێلەکەم لە سلێمانیەوە بەڕێگاوە بوە بەرەو قەزای دووکان، دوو پێشمەرگەی تێدابوە و یەکێکیان شەهید بوە و ئەوی دیکەیان بریندارە و خۆم لەگەڵیاندا نەبووم".
لە بارەی ئەوەی گومان دەکەن کێ لە پشت ڕوداوەکەوە بێت، ئەو بەرپرسەی حزبە ئۆپۆزسیۆنەکەی ئێران وتی "چاوەڕێی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان دەکەین".
بازگەی کەڵەوانان دەکەوێتە نێوان شاری سلێمانی و ناحیەی پیرەمەگرون و ١٥ کیلۆمەتر لە سەنتەری سلێمانیەوە دوورە.