کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران ڕاگەیاندراوێکی سەبارەت بە ڕووداوی تەقینەوەی ئۆتۆمبێلەکەی نزیک بازگەی کەڵەوانان بڵاوکردوەتەوە و ڕووداوەکە بە گوماناوی ناو دەبات، دوای ئەوەی دەزگای ئاسایشی هەرێم وتی "ڕوداوێکی ئاسایی هاتووچۆ بووە".
پێنج شەممە، ١٩ شوبات ٢٠٢٦، کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران ڕایگەیاند "رای گشتیی ئاگادار دەکەینەوە سەر لەئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە رێکەوتی ٢٩ی رێبەندانی ١٤٠٤ی هەتاویی لە رووداوێکی گوماناویدا ئۆتۆمبیلێکی کۆمەڵە لە نێوان رێگای سلێمانی بۆ دوکان تەقیوەتەووە و بەداخ وپەژارەیەکی زۆرەوە پێشمەرگەیەکی کۆمەڵە بە ناوی سەعید رەنجبەر(هێرش) گیانی بەختکردووە و ئارام بەهرامییەکێکی دیکە لە پێشمەرگەکانمان بریندارە کە بە خۆشییەوە باری تەندروستیی جێگیرە".
هەروەها کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشان وتویەتی "سەرەخۆشی گەرمی خۆمان ئاراستەی بنەماڵە و هاورێیانی هاوڕێ هێرش و خەڵکی ناوچەی لەیلاخ دەکەین و هیوای هەرچی زووتر چاکبوونەوە بۆ هاوڕێی ئارامی بەهرامی دەخوازین".
هەرچەندە دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاندراوێکی لە بارەی ڕووداوەکەوە بڵاوکردەوە، بەڵام کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران باس لەوە دەکای کە "ئاسایشی سلێمانی و ئەمنییەتی کۆمەڵە خەریکی لێکۆڵینەوە لە رووداوەکەن و لە راگەیاندنەکانی دیکەدا رای گشتی لێ ئاگادار دەبێتەوە".
دوای ڕوداوەکە عەقید کارزان شێرکۆ، وتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێم ڕایگەیاند "دەستبەجێ لەسەر ئەم ڕووداوە تیمەکانی لێکۆڵینەوەی دەزگای ئاسایشی هەرێم دەگەنە شوێنی ڕووداوەکە و لێکۆڵینەوە ئەنجام دەدەن و دەردەکەوێت، ئۆتۆمبێلێکی جۆری لاندگرۆزی دڕع بووە بەهۆی ڕووداوی هاتوچۆوە وەرگەڕاوە و گڕی گرتووە".
کاتژمێر ٧:٤٠ خولەکی ئێوارەی چوار شەممە ڕووداوەکە لە نزیک بازگەی کەڵەوانان ڕوویدا.
بازگەی کەڵەوانان دەکەوێتە نێوان شاری سلێمانی و ناحیەی پیرەمەگرون و ١٥ کیلۆمەتر لە سەنتەری سلێمانیەوە دوورە.