یەکێتی و نەوەی نوێ بۆ واژۆکردنی ڕێککەوتنە سیاسییەکەیان کۆدەبنەوە

بڕیارە کاتژمێر سێی دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ لە بارەگای مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە شاری سلێمانی، شاندێکی باڵای یەکێتی و  نەوەی نوێ کۆببنەوە.

ئەم کۆبوونەوەیە تایبەتە بە تاوتوێکردنی وردەکارییەکانی ئەو ڕێککەوتنە سیاسییەی کە بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا بە فەرمی واژۆ بکرێت و بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، کە تێیدا هەموو خاڵ و بڕگە سەرەکییەکانی پەیوەست بە هاوکارییە سیاسییەکانی نێوان هەردوو لا باس دەکرێن.

بەپێی زانیارییەکانی سالار سەرحەد، لێپرسراوی پەیوەندییە کوردستانییەکانی یەکێتی، شاندی یەکێتی لەژێر سەرپەرشتی شاڵاو کۆسرەت ڕەسوڵ و چەند ئەندامێکی تری مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتیدا دەبێت، لە بەرامبەردا شاندی نەوەی نوێ بە سەرۆکایەتی ڕێبوار ئەوڕەحمان، جێگری سەرۆکی جوڵانەوەکە و چەند بەرپرسێکی دیکەیان بەشدار دەبن.

ئەم دیدارە وەک هەنگاوێکی کردەیی دەبینرێت بۆ کۆتاییهێنان بە گفتوگۆکان و ئامادەکردنی زەمینە بۆ ڕاگەیاندنی فەرمی ڕێککەوتنەکە کە ئامانج لێی هەماهەنگی زیاتری نێوان ئەم دوو هێزە سیاسییەیە لە قۆناغی داهاتوودا.

ئەمە لە کاتێکدایە، لە ماوەی مانگی ڕابردوودا چەند کۆبوونەوەیەک لە نێوان بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی و شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ و وەفدە باڵاکانی هەردوولا ئەنجامدراون. 



PM:01:32:19/02/2026