خێزانە ڕفێندراوەکەی کۆبانێ بە پارە ئازاد دەکرێن

‌وێنەی ئەو خێزانەی ئازادکران

دوای ئەوەی خێزانێکی حەوت کەسی خەڵکی کۆبانێ لە لایەن "قاچاخچییەکەوە" درابونە "گروپێک چەکدار" ئەمڕۆ ئازاد کران.

پێنج شەممە، ١٩ شوبات ٢٠٢٦، دایک و باوکێک لەگەڵ پێنج منداڵەکەیان کە خەڵکی کۆبانێن بە ئومێدی ژیانێکی باشتر لەگەڵ قاچاخچییەک ڕێککەوتن تا بیان بات بۆ لوبنان و لەوێشەوە بچنە وڵاتیكی دیکە، بەڵام ئەو خێزانە لە لایەن قاچاخچیەکەوە درابونە گروپێکی چەکدار و ئەو گروپەش داوای ٣٥ هەزار دۆلاریان دەکرد لەبارامبەر ئازاد کردنیان. 

ئەنوەر حەبەش، برای عەبدوڵا حەبەشە کە ڕفێندرابوون، ئەمڕۆ بە میدیاکانی ڕاگەیاند "عەبدوڵڵا حەبەش عەتۆی برام و خێزانەکەی کە لە حەوت کەس پێکهاتوون ئازاد کران، ئەمەش دوای ماوەیەک لە دەستبەسەرکردنیان لە دۆخێکی سەختدا لە پارێزگای حومسی سوریا".

خێزانەکە لە ناوچەی وادی خالید لە لوبنان وەرگیرانەوە، پێشتر لە سوریاوە بۆ ئەو وڵاتە گواسترابوونەوە.

سەبارەت بە شێوازی ئازادکردنی براکەی و خێزانەکەی، ئەنوەر حەبەش وتی "پرۆسەی رادەستکردنی پارەکە شەوی رابردوو لە لوبنان ئەنجام دراوە، چەند کەسێکی دەموچاو پێچراو بە ماتۆڕسکیلێک جانتای پارەکەیان وەرگرتوە و  راستەوخۆ دوای وەرگرتنی پارەکە، رفێنەران خێزانەکەیان ئازاد کردووە، ئەوان لە دۆخێکی مرۆیی و تەندروستیی زۆر مەترسیداردا دەستبەسەر کرابوون".

بە پێی قسەکانی ئەنوەر حەبەش هەرچەندە لە رووی جەستەییەوە ئەو خێزانە  سەلامەتن، بەڵام بەهۆی ترساندن و ئەشکەنجە دەروونییەکەی لە ماوەی رفاندنەکەدا بەرامبەریان کراوە، "دۆخی دەروونییان زۆر خراپە".




PM:08:16:19/02/2026