وەزیری دەرەوەی عێراق و ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی، فواد حسێن لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنی ئەلشەرقیەدا وەڵامی هێرشەکانی وەزیری دەرەوەی پێشتری عێراق و ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی هۆشیار زێباری دایەوە و ڕەتی کردوە ناوبراو مافی هەڵسەنگاندنی کارەکانی ئەوی هەبێت.
دوای ئەوەی هۆشیار زێباری ڕەخنەی لە وەزارەتی دەرەوەی عێراق گرتبوو و بە "لاواز" پیناسەی کردوبوو، فواد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق و ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی و بەربژێری ئەو حزبە بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عیراق، شەوی چوار شەممە، ١٨ شوبات ٢٠٢٦، ، ڕایگەیاند "مێژوو و پەرلەمان بڕیار لەسەر کارەکانمان دەدەن".
هەروەها وەک وەڵامێک بۆ هۆشیار زێباری بە دێڕێکی هۆنراوەی موتەنەبی پێی وت "یەکێک لە کارەساتەکان خۆماندووکردنە لەگەڵ کەسانێک کە دەستبەرداری نەزانی نابن یان توانای تێگەیشتنیان نییە".
فواد حسێن ڕەتی کردەوە کە هۆشیار زێباری مافی هەڵسەنگاندنی کارەکانی ئەوی هەبێت و دەڵیت "پێم ناخۆش بوو وەڵامی بدەمەوە، بەڵام مێژوو و پەرلەمانتاران بڕیاردەری ڕاستەقینەن"، بۆیە داوا دەکات وەک دوو وەزیر لە دوو کاتی جیاوازدا لە یەک وەزارەت پەرلەمانتاران کارەکانیان هەڵبسەنگێنن.
هۆشیار زێباری، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستانە و لە ساڵی ٢٠٠٣ تا ساڵی ٢٠١٤ وەزیری دەرەوەی عێراق بوە و لە ساڵی ٢٠١٤ تا ٢٠١٦ لە کابینەکەی حەیدەر عەبادی وەزیری دارایی بوو، بەڵام بە زۆرینەی دەنگ لە پەرلەمانەوە پۆستەکەی لێ سەندرایەوە. ساڵی ٢٠٢٢ بربژێری پارتی بوو بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق، بەڵام بە بڕیارێکی دادگای فیدراڵی لە کێبڕکێکە دوورخرایەوە.
فواد حسێن، وەزیری دارایی عێراق بوە لە ساڵی ٢٠١٨ تا ٢٠٢٠ و جێگری سەرۆک وەزیران بوە بۆ کاروباری ئابوری و لە ساڵی ٢٠٢٠ وە وەزیری دەرەوەی عێراقە و ئێستا بەربژێری پارتیە بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق.