شارەزایەکی کەشناسی ئاشکرای دەکات کە کەشی زستانە دەگەڕێتەوە و شەپۆلێکی بارانبارین و بەفر دەگاتە هەرێمی کوردستان.
ئەمڕۆ هەینی ئاراس جەبار شارەزای کەشناسی بڵاویکردەوە کە " سەرەتا لەماوەی دوو رۆژی داهاتوودا رۆژانی شەمە و یەکشەمە بەهۆی بەردەوامی هاتنی هەوای وشک و گەرمی ناوچەکانی باکوری سعودیە پلەکانی گەرما لەناوچەکانمان بەرزبوونەوەی زیاتر بەخۆیەوە ئەبێنێت و کەش وهەوای ناوچەکە زیاتر گەرم ئەبێت ، لە رۆژی سێشەمەوە ٢٤ی مانگ بارستە هەوایەکی سارد لەدەریای ناوەراستەوە هەڵدەکاتەوە و سەر ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و پلەکانی گەرما لەسەرجەم ناوچەکان ٦ تا ٧ پلە نزمدەبنەوە ".
دەشڵێت" لە سێشەممەوە کەشی سارد و زستانەیی دەستپێدەکاتەوە لەگەڵ ئەگەری بارینی نمە بارانی پچر پچر لەهەندێ شوێندا کە بەگشتی برەکەی کەم ئەبێت و هەموو شوێنێک ناگرێتەوە".
ئەو کەشناسە راشیگەیاند" دوابەدوای ئەوە پێشبینی ئەکرێت لە کۆتای هەفتەدا بەتایبەت ٢٦ بۆ ٢٨ی مانگ بارستە هەوایەکی سارد لەجەمسەری باکورەوە نزمببێتەوە بۆ سەر ناوچەکانمان لەم قۆناخەشدا پلەکانی گەرما زیاتر نزمدەبنەوە لەگەڵ هاتنی شەپۆلێکی لاواز بۆ مامناوەندی بارانبارین و دووبارە بارینەوەی بەفر لە ناوچە شاخاویە بەرز و سنوریەکانی هەرێمی کوردستان ، بەگشتی تا کاتی نزیکبوونەوە ئەگەری گۆڕانکاری ئەبێت و پێشهاتەکان ناجێگیرن بۆیە لەکاتی نزیکتردا زانیاری زیاترم ئەبێت".