"ئێران گەرووی هورمز دابخات، داهاتی نەوتی عێراق تەنیا بەشی ١٤%ی مووچە دەكات"

نەبیل مەرسومی، شارەزای ئابووری عێراقی لە پەراوێزی نزیكبوونەوەی شەڕی ئەمریكا- ئێران و ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنی سەربازی ئێران لە گەرووی هورمز ڕایدەگەیەنێت، "ئێران گەرووی هورمز دابخات، داهاتی نەوتی عێراق تەنیا بەشی ١٤%ی مووچە دەكات”.

نەبیل مەرسومی، شارەزای ئابووری عێراقی نووسیویەتی" ئەگەر ئێران گەرووی هورمز دابخات، رێگری لە عێراق دەكات نەوتەكەی لە باشوور و لەرێگەی دەریاوە هەناردە بكات، بەمەش هەناردەی نەوتی عێراق رۆژانە لە ٣.٤ ملیۆن بەرمیلەوە بۆ ٢١٠ هەزار بەرمیل دادەبەزێت، كە ٢٠٠ هەزار بەرمیلی رۆژانەی لەرێگەی دەروازەی جەیهانی توركیا (مەبەست لە هەناردەی نەوتی كوردستانە)و ١٠ هەزار بەرمیلی رۆژانەی تری لەرێگەی تانكەرەوە دەڕوات بۆ ئوردن".

ڕاشیگەیاندووە" تەنانەت ئەگەر داخستنی گەرووی هورمز ببێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوتیش بۆ ١٥٠ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك، داهاتی نەوتی عێراق لە ٧ ملیار دۆلارەوە بۆ كەمتر لە یەك ملیار دۆلار دادەبەزێت كە ئەمەش بە زەحمەت بەشی دابینكردنی ١٤%ی مووچە دەكات".

دەشڵێت:" هەموو ئەمەش بۆیە روودەدات چونكە بەپێچەوانەی سعودیە و ئیمارات و ئێرانەوە، عێراق ئێستا هیچ رێگایەكی جێگرەوەی نییە كە ئامادە بێت بۆ هەناردەكردنی نەوت".

جەختیشدەكاتەوە، جگە لە چارەیەكی خودایی كە رەنگە رێگری لە جەنگ یاخود داخستنی گەرووی هورمز بكات، بژاردەیەكی ترمان نییە.





PM:05:30:20/02/2026