رێکخراوی هەنگاو بۆ مافی مرۆڤ ئاشکرایدەکات، بەپێی ئەو راپۆرتانەی لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستانەوە پێیان گەیشتووە، لە ماوەی رۆژانی رابردوودا ژمارەیەکی زۆر لە هێزەکانی سوپای پاسداران و سوپای کۆماری ئیسلامی ئێران بە چەکی قورس و نیمچە قورسەوە لە ناوچە سنورییەکان، لەوانە قەسری شیرین، سەلاسی باوەجانی، مەریوان، سەردەشت، پیرانشار و شنۆ جێگیر کراون".
رێکخراوی هەنگاو لە راگەیاندنێکدا کە رۆژی هەینی ٢٠ ی شوبات بڵاوکرایەوە هاتووە " لە زۆربەی شارەکانی کوردستان، تەواوی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران خراونەتە دۆخی ئامادەباشییەوە".
"لە ڕێی سەرچاوە باوەڕپێکراوەکانی خۆیەوە زانیویەتی: لە رۆژانی رابردوودا، چەندین ترێلەی سەر بە سوپای پاسداران شەوانە لە دەروازەی سنوریی باشماخی مەریوانەوە چوونەتە ناو خاکی هەرێمی کوردستان".( رێکخراوی هەنگاو وا دەڵێت).
هەنگاو هۆشداریشیداوە لەوەی " ئەم رێکار و سیاسەتە شەڕخوازانەیەی ئێران كە خەریکی گرتنەبەریەتی، هەنگاو گەلێکە کە دەكرێت ببێتە هۆی پێشێلکردنی مافە بنەڕەتییەکانی هاوڵاتیان لە کوردستانی ئێران و هەرێمی کوردستاندا".
رێكخراوی یەکێک لەو گرتە ڤیدیۆیانەی بڵاوكردووەتەوە کە بە دەستی گەیشتووە، تایبەتە بە گواستنەوەی چەک و چۆڵ و کەرەستەی سەربازی بۆ سنووری قەسری شیرین.
لە بارەی رەوانەکردنی هێزی سوپای پاسدارانەوە بۆ هەرێمی کوردستان لە بازگەی باشماخ، تا ئێستا هێزە ئەمنییەکانی هەرێم لەو بارەیەوە هیچ راگەیاندنێکیان بڵاونەکردۆتەوە.