مەزڵوم عەبدی: دوای شۆرشی ڕۆژئاوا ڕێگا بە کورد درا بە کوردی قسە بکات

‌مەزڵوم عەبدی- فەرماندەی گشتی هەسەدە

فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، مەزڵوم عەبدی، بە بۆنەوەی ٢١ شوبات ڕۆژی جیهانی زمانی دایک پەیامێکی بڵاوکردوەتەوە و  پیارۆزبایی ڕۆژەکە دەکات و جەخت لە پاراستنی زمانی کوردی دەکاتەوە لە ناو ڕۆژئاوای کوردستان و دەڵێت "لە ماوەی ١٤ ساڵی شۆڕشی ڕۆژئاوادا یەکێک لە گەورەترین دەستکەوتەکان زمانی کوردیی بوو".

شەممە، ٢١ شوبات ٢٠٢٦، مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هەسەدە ڕایگەیاند " لە سوریا و ڕۆژئاوای کوردستانیش بەتایبەتی ئەو هەرێمانەی کە کورد تێیدا دەژین، ڕووبەڕوی کێشەی زۆر بووینەوە چونکە زمانی دایکیی قەدەغە بوو، دەوڵەت لە دژی بوو، ئاستەنگی زۆریان بۆ درووست دەکرد، هاوکات لەپێناو ئەوەی زمانمان لە لەناوچوون بپارێزین تێکۆشانێکی گەورە کرا، لە شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان تێکۆشانێکی گەورە کرا، لە ماوەی ١٤ ساڵی شۆڕشی ڕۆژئاوادا یەکێک لە گەورەترین دەستکەوتەکان زمانی کوردیی بوو، نەک تەنها زمانی کوردیی بەڵکو ئاستەنگی بەردەم زمانەکانی تریش لابران، بۆ یەکەمجار گەلی کورد و گەلانی تر دەرفەتیان پێدرا بە ئازادیی زمانی خۆیان بەکاربهێنن".

سەبارەت بە چەسپاندنی زمانی کوردی لە ناو ڕێککەوتنەکانیان لەگەڵ حکومەتی کاتی سوریا و مەرسوومی ١٣، مەزڵوم عەبدی وتویەتی "ئەو مەرسومە لەبارەی زمانی کوردییەوە تێرکەر نییە و وەڵامدەرەوە نییە بۆ پرسی زمان، بۆیە لەم بارەیەوە لە ڕێککەوتنی ٢٩ـی کانوونی دووەمدا، لەگەڵ دیمەشق گفتوگۆیەکی چڕمان کرد، بۆ ئەوەی هەنگاوێکی گەورەتر و بەهێزتر لە مەرسوومی ١٣ بنرێت دەربارەی زمانی کوردی، بەتایبەتی لە سیستەمی خوێندن و پەرەوەردە دا".

لەبارەی هەنگاوەکانی دواتریان بۆ پاراستنی زمانی کوردی فەرماندەی گشتی هەسەدە دەڵێت "ئەوەی کە گرنگە لە قۆناغی داهاتوودا ئێمە زیاتر گرنگی پێ بدەین و پێشی بخەین لەناو دامەزراوە و دەزگا فەرمییەکانمان ئەوەیە، کە خەباتی کەلتووریی لە چوارچێوەی کەلتووری کوردی و خەباتی زمانی کوردی زیاتر پێشبخەین".

لە کۆتایی پەیامەکەیدا مەزڵوم عەبدی ڕایگەیاند "گەشبینم بەوەی کە لە قۆناغی داهاتوودا سەرکەوتوودەبین و هەنگاوی گەورە و بەرچاو دەنێین بۆ پێشخستنی زمانی دایک و بەتایبەتی زمانی کوردی". 




PM:02:39:21/02/2026