سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بافڵ تاڵەبانی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک پەیامێکی بە بۆنەی ٢١ شوبات بڵاوکردوەتەوە و دەڵێت " لە رۆژی جیهانیی زمانی دایکدا، پیرۆزباییەکی گەرم ئاڕاستەی خەڵکی کوردستان و هەموو ئەو رۆڵە دڵسۆزانەی نیشتمانەکەمان دەکەم کە خەباتیان بۆ بەرزڕاگرتنی زمانەکەمان کردووە".
شەممە، ٢١ شوبات ٢٠٢٦، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ڕایگەیاند "بە شانازییەوە زمانی شیرینی کوردی، زمانی ئێمەیە و هێمای شوناسی نەتەوەییمانە، ئەرکمانە پارێزگاری لەم سامانە بەنرخە بکەین کە پێشینانمان بۆیان جێهێشتووین".
بافڵ تاڵەبانی سەبارەت بە پاراستنی زمانی کوردی وتویەتی "لەم رۆژەدا جەخت لەسەر ئەوە دەکەینەوە کە پاراستن و پەرەپێدانی زمانی دایک بەرپرسیارێتییەکی هاوبەشی هەموو تاک و پێکهاتەکانی کۆمەڵگەیە و بەڵێن دەدەین کار بۆ بەهێزترکردنی زمانی کوردی لە تەواوی بوارەکاندا بکەین".
لە ڕۆژی جیهانی زمانی دایک بەرپرسانی حزبی و حکومی کوردستان بە گشتی پەیامی پیرۆزبایی و پاراستنی زمانی کوردییان بڵاوکردوەتەوە.