"لیستی مووچەی مانگی شوبات ڕەوانەی بەغداد دەکرێت"


میدیای نزیک لە یەکێتی لە زاری سەرپەشتیاری بایۆمەتری سلێمانیەوە بڵاویکردوەتەوە کە لیستی مووچەی مانگی شوبات بە سیستمی پەیرۆڵ نێردراوە بۆ گەنجینە و پەسەندکراوە و میدیاکە دەڵێت "سبەی یەک شەممە یاخود دوو شەممە لیستی مووچەی مانگی شوبات ڕەوانەی بەغداد دەکرێت".

شەممە، ٢١ شوبات ٢٠٢٦، یادگار جەبار، سەرپەرشتیاری گەنجینەی سلێمانی، ڕایگەیاند "لیستی مووچە بە سیستمی پەیڕۆڵ بۆ مووچەی مانگی شوبات زۆربەی زۆری تەواو کراوە و نێردراوە بۆ گەنجینە و پاش وردبینیکردنیان، پەسەندکراوە، ، لەکۆی شەش یەکەی خانەنشینان، یەکەی خانەنشینی گەرمیان و هەڵەبجە و چەمچەماڵ و سەربازی تەواوکراون و نێردراون بۆ گەنجینە و پەسەندکراون".

بە پێی ووتەی سەرپەرشتیاری گەنجینەی سلێمانی "تەنیا دوو یەکەی ژمێریاریی خانەنشینان ماوە، ئەوانیش یەکەی ژمێریاریی خانەنشینانی سلێمانی و ڕاپەڕینن کە ئەمڕۆ شەممە تەواو دەکرێن و ڕەوانەی گەنجینە دەکرێن".

سەبارەت بە ناردنی لیستی مووچە بۆ بەغداد ئەو میدیایە بڵاویکردوەتەوە کە بەرپرسێکی وەزارەتی دارایی و ئابووری کە نەیویستوە ناوی بهێندرێت، بە میدیاکەی وتوە "بۆ لیستی مووچەی مانگی شوبات یەکە ژمێریارییەکان لە پارێزگاکان زۆرینەی کارەکانیان تەواو کردووە و ڕەوانەی گەنجینەکان کراون و پەسەندیش کراون، چاوەڕێین ڕۆژانی یەک شەممە یان دوو شەممەی ئەم هەفتەیە ڕەوانەی وەزارەتی دارایی فیدڕاڵی بکەین".




PM:03:43:21/02/2026