سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی لە دیدارێكدا لەگەڵ عەممار حەکیم سەرۆکی رەوتی حیکمە لە بەغداد، دۆخی ئاڵۆزی ناوچەکە و پرسی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراقی تاوتوێ کرد.
تێیدا جەختی لەسەر پێویستی بەردەوامی دیالۆگی نیشتمانی کردەوە، ئاماژەی بەوەش دا کە یەکێتی ئامانجی سەرەکی بەهێزکردنی گیانی پێکەوەیی و خزمەتکردنی هاوڵاتیانە لە ڕێگەی لێکتێگەیشتنی سیاسییەوە.
بافڵ تاڵەبانی ڕایگەیاند'' حزبەکەی بە تەواوی ئامادەیە بۆ بەشداریکردن لە دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بە مەبەستی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار.'' ئەمەش وەک هەنگاوێکی کردەیی بۆ تێپەڕاندنی ئەو چەقبەستووییە سیاسییەی کە ماوەیەکی درێژە ڕێگرە لەبەردەم تەواوکردنی ڕێکارە دەستوورییەکان و دەستبەکاربوونی دامەزراوە یاساییەکانی وڵات.
لە ئێستادا کێبڕکێیەکی توند لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار لە نێوان یەکێتی و پارتیدا هەیە، کە تێیدا یەکێتی نزار ئامێدی وەک کاندیدی فەرمی خۆی دیاریکردووە و لە بەرامبەریشدا پارتی دیموکراتی کوردستان فوئاد حسێن بۆ هەمان پۆست کاندید کردووە، ئەم ململانێیەش وایکردووە هەردوولا پەنا بۆ پەرلەمان بەرن تا لەوێ کاندیدی دەرچوو یەکلا بکرێتەوە.
دوا هەڵوێستی بافڵ تاڵەبانی و سووربوونی لەسەر دانیشتنی پەرلەمان نیشانەی ئەوەیە کە یەکێتی دەیەوێت بە زووترین کات ئەم دۆسێیە دابخرێت، چونکە یەکلاکردنەوەی پۆستی سەرۆک کۆمار دەبێتە کلیل بۆ دیاریکردنی کاندیدی سەرۆک وەزیران و خێراکردنی پرۆسەی پێکهێنانی کابینەی نوێ کە دەتوانێت سەقامگیری سیاسی بۆ عێراق بگەڕێنێتەوە.