جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند'' عەقڵییەتی ئێستای یەکێتی نیشتمانی لە سیاسەتکردندا، بووەتە بەربەست لەبەردەم ڕێککەوتنی لایەنە کوردییەکان بۆ دیاریکردنی کاندیدێکی هاوبەش بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار.''
فەرهاد ئەتروشی، جەخت دەکاتەوە کە ئەم پەرتەوازەییە ڕێگەی بۆ لایەنە شیعەکان خۆش کردووە تا بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ دەستوەردان لە یەکلاییکردنەوەی ئەو پۆستەدا بکەن کە پشکی کوردە.
سەبارەت بە دۆخی ناوخۆی ماڵی شیعە، ئەتروشی پێیوایە ململانێکان بەرەو قووڵبوونەوەی زیاتر دەچن، بەتایبەت کە نوری مالیکی سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا سوورە لەسەر هەڵوێستەکانی و ئامادەی کشانەوە نییە. ئەم پێشهاتانەش کاریگەری نەرێنی ڕاستەوخۆیان لەسەر سەقامگیری پرۆسەی سیاسی لە بەغداد دەبێت و ئاسۆیەکی ڕوون بۆ چارەسەرکردنی تەنگژەکان بەدی ناکرێت.
لە لایەکی دیکەوە، جێگری سەرۆکی پەرلەمان نیگەرانی خۆی لەبارەی دۆخی دارایی عێراق دەربڕی و ئاشکرای کرد کە سەرۆک وەزیران محەمەد شیاع سودانی بە ڕاشکاوی پێی ڕاگەیاندووە داهاتی دەوڵەت کەم بووەتەوە.
لە کۆتاییدا ئەتروشی هۆشداری دەدات کە لە بەغداد نییەتێکی خراپ بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان هەیە و کۆبوونەوەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی ئەو ڕاستییەیان نیشان داوە. بە بڕوای ئەو، ئەم کەشە سیاسییە مەترسییەکانی سەر شایستە داراییەکانی هەرێم و پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغداد زیاتر دەکات و دۆخەکە بەرەو ئاڵۆزیی زیاتر دەبات.